کێ هۆکاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بوو؟
(0) /
دوای ئەوەی بۆ هەموو لایەک سەلمێنرا کە سیاسەتی (سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت)ی هەرێم شکستیهێنا، جێی خۆیەتی ئێستا بۆ سەرەتاکان بگەڕێینەوە و بزانین کە چۆن و بۆچی بەشە بودجەی هەرێم بڕدرا و ئەو هەموو مەینەتیەی بۆ خەڵکی هەرێمی لێ کەوتەوە ؟..
بەغدا هۆکاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بوو یان هەولێر ؟
زۆر باس لەوە دەکرێ، بەتایبەتیش لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان-ەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم هێشتا دەستی نەکردبوو بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، حکومەتی فیدراڵی عیراق و بە بڕیاری (نوری مالکی-سەرۆک وەزیران) لەمانگی شوباتی (2014)دا بەشە بودجەی هەرێمی بڕی.
من ئەوکاتە لەبەغدا نەبووم، بۆیە هیچ لەوبارەیەوە ناڵێم، بەڵام لێدوانی (د.فازڵ نەبی-بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق) کە هاوکات ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان-یشە، وەک خۆی لێرە بڵاودەکەومەوە کە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی (وار) باسی هەندێ وردەکاریی ئەو پرسە دەکات و دەڵێ؛
" لە ساڵی ٢٠١٢ رێککەوتنی نەوتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبوو، رێککەوتنە نەوتییەکە ئەوەبوو کە هەرێمی کوردستان ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات و بەغداش بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت، بەداخەوە ئەو رێککەوتنە نەوتییە لە مانگی چواری ٢٠١٢-ەوە تەگەرەی تێکەوت، هەندێ برادەر ئەو رێککەوتنەیان جێبەجێ نەکرد، پێشکەشکارەکە لێی دەپرسێت، لە هەرێمی کوردستان مەبەستتە؟ د.فازڵ نەبی دەڵێ؛ بەڵێ..دواتر درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ؛ لەوکاتەوە تا ٣١/١٢/٢٠١٣ ئێمە مقاوەمان کرد، حکومەتی بەغدا رەنگە زیاتر لە پەنجا نوسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی بەغدا نوسیوە و نوسراوەکان ماون، دەڵێن؛ بودجەی هەرێمی کوردستان راگرن، ببڕن، نەنێرن، تەبعەن لە سەرەتادا بەو شێوەیە نەبوو بڵێن هەمووی راگرن، سەرەتا دەیانوت؛ بای ١٠٠ هەزار بەرمیل لە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن کە رێککەوتن لەنێوانماندا هەیە و ئێستا ئەوان رادەستی ناکەن، لە راستیدا ئێمە لە وەزارەتی دارایی عیراق چاوپۆشیمان لێدەکرد، کە (د.رافع) وەزیری دارایی بوو و گۆڕدرا، توانیمان لەگەڵ وەزیرە تازەکەش مامەڵە بکەین، لەساڵی ٢٠١٤ هەر خۆیان لە دەوڵەتی یاسا وەزیرێکی تریان نارد، فەرمانەکە وا بوو کە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن، لەبەرئەوەی نەوت رادەست ناکەن، رێککەوتنە نەوتییەکە ناڕوات، هەتا ئەوەش کە کرا، لە سایەی ئەو وەزیرەش من لە مانگی یەکی ٢٠١٤ مووچەی خەڵکی کوردستانم نارد، ئەویش بە ئیمزای من، بەڵام لە مانگی دووی ٢٠١٤ سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەزیری دارایی فەرمانیان دا بە بەڕێوەبەری گشتیی محاسەبە کە بە نیسبەت هەرێمی کوردستان ئیتر ئەوە ئەمری د.فازڵ نیە. لێرەدا پێشکەشکارەکە لێی دەپرسێت، کەواتە جەنابت بۆ بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانت نەوت؛ فەرموون ١٠٠ هەزار بەرمیلەکە بنێرن لەرێی سۆمۆوە بۆئەوەی مووچە و بودجەی هەرێمی کردستان نەبڕدرێت ؟ تۆ ئەو پەیامەت گەیاند ؟، لە وەڵامدا، د.فازڵ دەڵێ؛ هەوڵماندا، ئیشمان لەسەر کرد، بەڵام بەداخەوە دیارە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایان وابوو کە ئەوان خۆیان مووچەی خەڵکی کوردستان دابین دەکەن و پێویست بەوە ناکات ".
ئیتر با خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆیان حوکم بدەن کە ئەو بەرپرسانەی هەرێم چۆن مامەڵەیان بە سامانی گشتی-ەوە کردووە و چەند بێ منەتانە و بێ حسابکردن بۆ بەغدا کاریان کردووە، دواتریش چۆن دەستیان خستە نێو گیرفانی مووجەخۆرانی هەرێم و جارێک بە ناوی (پاشەکەوت) و جارێکی تریش بە ناوی (لێبڕین)ەوە ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمیان دووچاری دەردەسەرییەکی زۆر کرد.
کاوە محەممەد
تێبينيێك بنێرە: