نەتەوە یەکگرتووەکان: لە پێکدادانەکانی سودان 180 کەس کوژراون

(0) / / ئەفریقیا / سودان


Apr 18, 2023

قەبارەی فۆنت:
سێهەم ڕۆژی شەڕ و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سودان لە کاتێکدا دەستیپێکردووە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەواڵی کوژرانی 180 کەسی بەو هۆیەوە ڕاگەیاندووە.
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەمڕۆ سێ شەممە 18 ی نیسانی 2023 دەستیپێکردەوە. شەڕەکەش زیاتر لە ناوچەی کۆشکی سەرۆکایەتی و ناوەندی فەرماندەیی سوپای سودانە.
ئەمڕۆ فڕۆکە شەڕکەرەکانی سودان بە فەرماندەیی سوپای ئەو وڵاتە بە ئاسمانی خەرتومی پایتەختەدا سوڕاونەتەوە.
ژنڕاڵ حەمیدتی ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سوپای سودان بە فڕۆکەی شەڕکەر هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی سڤیل.
عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودانیش ڕایگەیاندووە کە هەر ئەندامێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا خۆی بە دەستەوە بدات و چەکەکەی ڕادەست بکات دەبەخشرێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان شەوی دووشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی قوربانییانی ئەم شەڕە گەیشتووەتە 180 کوژراو و زیاتر لە 1800 بریندار./.