سەدر چەندین مەرج بۆ هێزە بیانییەکان لە عێراق دادەنێت
(0) /
سەرۆکی ڕەوتی سەدر پاڵپشتی خۆیی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی بەغدا سەبارەت بە دۆسیەی هێزەکانی بیانی لەم وڵاتە ڕاگەیاند.
سەید موقتەدا سەدر لە تویتێکدا مەرجەکانی خۆیی ڕاگەیاند و وتی: سەرەتا پێویستە کە هێزە بیانییەکان واز لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق بێنن و مانەوەیان لە عێراق بە پێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بێت و هەروەها لە عێراقیش وەک سەکۆی هێرش لە دژی هیچ وڵاتێک بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ کەڵک وەرنەگرن.
ناوبراو وتی: مانەوەی ئەم هێزانە نابێت داگیرکاری بێت و ئەگەر بڕیارە درێژەی هەمان داگیرکاری پێشوو بێت، مانەوەی هیچ هێزێک قبووڵکراو نابێت، وێڕای ئەوەی کە مافی دەستێوەردانیان لە سنورەکانی عێراق بە تایبەت سنورە ئاسمانییەکان نییە.
سەدر لە درێژەدا وتی: بوونی شاندە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتانەش دەبێت ئاسایی بێت و ئەگەر زیاتر بێت ئێمەش شاندە دیپلۆماسییەکانی خۆمان لەو وڵاتانە زیاتر دەکەین.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر هەروەها داوای کرد کە بنکە سەربازییەکانی عێراق لە لایەن هێزەکانی بیانییەوە بەکار نەهێندرێت و بنکە سەربازییەکانی ئەوانیش دەبێت لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی حکومەتی عێراقدا بێت.
وتیشی کە ئەگەر هێزە بیانییەکان پابەندی ئەم مەرجانە نەبن لە داهاتوودا چالاکی سەربازی لە دژی ئەوان بە دوور نازانم./.
تێبينيێك بنێرە: