دۆخی ژنان لە خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا

(0) / / فایلی تایبەت / تورکیا


May 17, 2023

قەبارەی فۆنت:
ژنانی کاندید لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیا لە 14 ی ئایاری 2023 گەیشتوونەتە دەسکەوتێک کە باڵاترین ڕێژەی بەشدارییان لە مێژووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە مسۆگەر کردووە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا پیشان دەدات کە لە 600 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، 121 کورسی بۆ ژنان و 479 کورسی بۆ پیاوان بووە.
بەم ئامارەش، ڕێژەی ئامادەبوونی ژنان لە پەرلەمانی تورکیا لە سەدا 17.1 ی خولی بیست و حەوتەم گەیشتووەتە لە سەدا 20.1 ی خولی بیست و هەشتەم.
لەم خولەدا، ژنانی پارتی چەپی سەوز باشترین ڕێژەی سەرکەوتنیان بەراورد بە پارتەکانی دیکە تۆمار کردووە و پاشان ناوی پارتی داد و گەشەپێدان و گەلی کۆماری هاتووە.
50 ژن لە پارتی داد و گەشەپێدان گەیشتنە پەرلەمان و 30 ژنیش لە پارتەکانی گەلی کۆماری و چەپی سەوز سەرکەوتنیان بە دەست هێنا.
لە نێو 267 کاندیدەکەی ئاکەپە، 50 ژن بوونە ئەندامی پەرلەمان تا مامناوەندی ژنە ئەندام پەرلەمانەکانی ئەو پارە لە 17.9 بگاتە لە سەدا 18.7 ی ئێستا.
لە نێو 61 کاندیدی پارتی چەپی سەوزیش 30 ژن بوونە ئەندامی پەرلەمان و بەراورد بە پارتەکانی دیکە زیاترین ڕێژەی سەرکەوتیان هەبووە.
لە 31 ناوچەی تورکیاش ژنان لە خولی بیست و هەشتەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەرکەوتنیان نەبووە.
زەهرا نور ئایدیمیر بە 25 ساڵ تەمەن و ڕەمیسە قەدەق بە 27 ساڵ تەمەن بوونە گەنجترین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا.
بە گشتی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە هەر خولی پەرلەمانی تورکیا ڕووی لە زیادبوون کردووە، لە ساڵی 2007 لە سەدا 9.1 ی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لای ژنان بووە و ئەم ئامارە لە ساڵی 2011 لە سەدا 14.3 و لە ساڵی 2015 لە سەدا 17.6 بووە.
بوونی ژنان لە خولی ڕابردوو، واتە خولی بیست و حەوتەمی پەرلەمانی تورکیا لە سەدا 17.1 بووە و لە خولی نوێ، واتە خولی بیست و هەشتەم گەیشتووەتە لە سەدا 20.1 ی کورسییەکانی پەرلەمان./.