بەرپرسێکی باڵای دیکەی یەکێتی داوای یەکگرتنەوە لە گۆڕان دەکات

(0) / / كوردستان / بافڵ جەلال تاڵەبانی


May 20, 2023

قەبارەی فۆنت:
پاش ئەوەی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، داوای یەکگرتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد، بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئەو حیزبەش هەمان داوای بە هەمان بۆنەوە دووپات کردەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و وتی:جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکدا کە کاک نەوشیروان هات بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەشێکی زۆری سەرکردایەتی لەوێ بوون، کاک نەوشیروان وتی کە ڕەنگە ژیان و تەندرووستیم یارمەتیم نەدات پۆست وەربگرم، بۆیە کەس مەترسی ئەوەی نەبێت پۆستەکانی داگیر بکەم، من هاتووم لە سەلام و عەلەیکەوە تاوەکوو یەکگرتنەوە ئامادە بم.
ناوبراو وتی: پێم وایە کە ئەم بابەتە لای بەرپرسانی گۆڕان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و پێشوازیکردن لەو بۆچوونە لە لایەن یەکێتیشەوە هەر وەک خۆی ماوە، یەکێتی و گۆڕان سەرچاوەی فیکریان یەک سەرچاوەیە و یەک شێوازی بیرکردنەوەیان هەیە، نازانم ئەگەر بەرژەوەندی کەسێک بچێت بە لایەکدا یان بە جۆرێکی دیکە بێت بەڵام لە بنەڕەتدا لە بازاڕی سیاسەت لای دوژمنەکان بە یەک چاو سەیر دەکرێن./.