ئایا ڕێکەوتنە نەوتییەکەی هەولێر و بەغدا تووشی کێشە بووە؟

(0) / / فایلی تایبەت / بەغدا


May 26, 2023

قەبارەی فۆنت:
بە پێی ئەو هەموارە نوێیەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق شەوی پێنج شەممە کردوویەتی و دەنگی لە سەر دراوە، ڕێگا لە هەرێمی کوردستان دەگیرێت کە نەوت لەو کێڵگە نەوتییانەی کەرکوک و نەینەوا دەربکات کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدان و زیاتر لە سەر یەک لە سەر سێی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دێنن.
نەبیل موسەوی شارەزا لە کاروباری ئابوری عێراق، ئەمڕۆ هەینی سەبارەت بەوەی کە لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی لێژنەی دارایی ڕوویداوە، ئەو پرسیارەی کردووە کە ئایا بودجە دەبێتە زریان بۆ سەر ڕێکەوتنەکەی هەولێر و بەغدا؟ و ڕایگەیاندووە کە بە پێی ئەو هەموارە نوێیە، دەبێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات بۆ هەناردەکردنی لە ڕێگای سۆمۆوە یان بەکارهێنانی بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو هەموارە جۆرێک لە ئاڵۆزیی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاد کردووە بە هۆی ئەو کۆسپە تەکنیکییانەی دێنە سەر ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا لە لایەک و هەروەها بە هۆی داماڵینی تەواوەتی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی هەناردەکردنی نەوت لە لایەکی دیکەوە.
موسەوی ئاماژەی بەو داوە کە بە پێی هەموارەکە، هەرێمی کوردستان دەبێت بەر لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانی، داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی خۆی ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات.
ئەو شارەزا ئابورییە ڕایگەیاندووە کە بە پێی هەموارە نوێیەکە، حکومەتی هەرێم پابەندە دەکرێت بەوەی کە داهاتی نەوت لە هەژمارێکی بانکی دابنێت کە لە بانکی ناوەندی عێراق بێت، لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە ئەو هەژمارە بانکییە لە بانکی سیتی بانک بێت./.