پارتی لە سەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی چی دەڵێت؟

(0) / / كوردستان / کوردستان مەحمود محەممەد


May 30, 2023

قەبارەی فۆنت:
وتەبێژی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیاری هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە وتی کە ئەوە بۆ پارتی گرنگە، ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.
مەحمود محەممەد وتی: لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە پارتی لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جیدی لێکردن بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو.
ناوبراو وتی: ئێستا ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بەخەمەوەبوونمان بۆ پرۆسەکە، بەڵکوو داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەر یەک بە ڕێژەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکات و ڕێخۆشکەر بن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
مەحمود محەممەد داوای لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەش کرد کە هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە./.