کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بوونی پەنابەرانی سوری لە هەرێمی کوردستان

(0) / / ڕاپۆرت / سوریا عێراق کوردستان


Jun 26, 2023

قەبارەی فۆنت:
بوونی پەنابەرانی سوری لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کاریگەری ئابوری و کۆمەڵایەتی زۆری هەبووە و شووناسی هاوبەشی نیشتمانی ئەوانیش وەک کورد لەم تێکەڵبوونە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
بوونی پەنابەرانی سوری لە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی زیاتری بە دواوە دەبێت، بۆ نموونە، دیاردەی سواڵکردن لە هەرێمی کوردستان بە هۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە پەنابەرانەوە زیادی کردووە.
بە ملیۆنان سوری پاش دەستپێکردنی قەیران و شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد. ئێستا پەنابەرانی سوریا لە ناوچەکە بووەتە گەورەترین دۆسیەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە زۆربەیان لە وڵاتانی وەک تورکیا، عێراق، لوبنان و ئەردەن نیشتەجێ بوون.
فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی داهاتووی سوریا و ناوچەکە لە برۆکسێل ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان میوانداری لە نزیکەی 260 هەزار پەنابەری سوری دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەندێک ئامار و سەرچاوەی دیکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ژمارەیە زیاتر لە نیو ملیۆن کەسە.
کەمپەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون
لە ساڵانی ڕابردوو، هەرێمی کوردستان بە هۆی بوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران بە تایبەت سورییەکان و هەروەها کەمبوونی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانەوە، لە ژێر گوشارە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بووە.
پەنابەرانی ئێستای سوریا لە هەرێمی کوردستان بە دوو شێوازی یاسایی و نایاسایی لەم ناوچەیەدان. ئەوانەی بە یاسایی هاتوون لە لایەن حکومەتەوە بە فەرمی ناسراون و ناویان لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تۆمار کراوە.
سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان 10 کەمپی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکانی سوریا کراوەتەوە. ئەو کەمپانە لە ساڵی 2012 تا ئێستا بوونیان هەیە و 5 کەمپیان لە پارێزگای هەولێر، 4 کەمپ لە پارێزگای دهۆک و یەک کەمپیش لە پارێزگای سلێمانیدایە.
کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی
بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان، پەنابەرانی سوری تەنیا دەتوانن لە کەرتی تایبەت چالاکی بکەن، ئەوان زۆربەی کات گرێبەستی فەرمییان نییە و لە ڕووی ئاسایشی هەلی کارەوە دڵنیاییان نییە.
یاسین مەحمود ڕەشید سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە پەنابەرانی سوری لە ڕووی ئەزموون، زمانی بیانی و توانای کارەوە تایبەتمەندییەکی زۆریان هەیە و لە بازاڕدۆزی بۆ کاڵا و بەرهەمەکان، ئیشکردن لە ڕێستورانتەکان و شوێنەکانی جوانکاری، لە کۆمپانیا و فرۆشگەکان، ناوەندەکانی کڕین و فرۆشتن، سەرقاڵی ئیش و کارن و تا ڕادەیەک گەشەیان بەم بەشانە لە هەرێمی کوردستان داوە.
سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بوونی پەنابەرانی سوری لەم ناوچەیەش ڕایگەیاندووە کە بوونی پەنابەرەکان بووەتە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی بێکاری لە نێوان خەڵکی هەرێم.
ڕاشیگەیاندووە کە پەنابەرانی سوری بە مووچەیەکی کەمتر ئیش دەکەن و خەڵکی هەرێم بەو مووچەیە ئامادە نین لە شوێنێک ئیش بکەن و ئەمەش وایکردووە کە خەڵکی هەرێم بێکارتر بن و لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە ئاسانی کەڵک لە پەنابەران وەربگیرێت.
ئیدریس محەممەد لێکۆڵەری کۆمەڵایەتیش ڕایگەیاندووە کە بە هاتنی پەنابەرانی سوری، دیاردەی سواڵکردن لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە نێو پیاوان زیادی کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بوونی پەنابەرانیش ڕایگەیاندووە کە هاوسەرگیری و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی وایکردووە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و پەنابەرانی سوری پتەوتر بێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەیرەدین یوسف ڕۆژنامەنووس و نووسەری سوری ڕایگەیاندووە کە سورییەکان گەشەیان بە ئابوری هەرێم و عێراق بە گشتی بەخشیوە، بە تایبەت لە کەرتی گەشتیاری، ڕێستورانتەکان، هوتێلەکان و نموونەکانی دیکە.
ناوبراو کە لە ساڵی 2010 تا ئێستا لە شاری هەولێر ژیان بە سەر دەبات و لە کۆمپانیایەکی نەوتی ئیش دەکات، ڕایگەیاندووە کە زۆربەی کرێکارانی کەرتی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان لە پەنابەرانی سورین.
یوسف ڕایگەیاندووە کە هۆی ئەمەش هەبوونی ئەزموونی زیاتری سورییەکانە و بووەتە هۆکاری گەشەسەندی هەرێمی کوردستان.
ڕاشیگەیاندووە کە ژمارەی پەنابەرانی سوری لە هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەیە کە بە فەرمی باس دەکرێت.