سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەگەڕێتەوە

(0) / / ڕاپۆرت / بەغدا عێراق


Jul 05, 2023

قەبارەی فۆنت:
میدیایەکی عەرەب زمان ڕایگەیاندووە کە ئاماژەکان ڕوونی دەکەنەوە سەرۆکی ڕەوتی سەدر پاش نزیکەی یەک ساڵ دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی، بەرە بەرە خۆی بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکات و یەکەم وێستگەی ئەو گەڕانەوەش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقە.
ڕۆژنامەی العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە ڕووداوی سووتاندنی قورئان لە لایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە وڵاتی سوید بووە باشترین دەرفەتی گەڕانەوەی سەدر بۆ گەڕانەوە و ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڵوێست و لێدوانە سیاسییەکانی زیاتر کردووە و دیسانەوە لە ڕووی میدیاییەوە چالاک بووەتەوە.
پێگەی العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق هاوکاتە لە گەڵ کرانەوەی دەرگای تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئەم وڵاتە کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2023 بەڕێوە بچێت.
سەدر لە پاش ڕووداوەکەی سوید و هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا، چەندین لێدوانی بەرامبەر بە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان هەبووە و لایەنگرانیشی لە بەغدا و شارەکانی دیکە بە بیانووی ئەو ڕووداوەوە گردبوونەوە کە بێگومان هەڵگری پەیامێک بۆ نەیارانی بووە.
سەرکردەیەکی دیاری ڕەوتی سەدر لە بەغدا بە پێگەی العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە موقتەدا سەدر بە جیدی پرسی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تاوتوێ دەکات تا ڕێگری لە کۆنتڕۆڵکردنی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکانەوە بکات.
ئەو سەرکردەی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە سەدر دەیەوێت بۆ گۆڕەکانی سیاسی بگەڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەید عەمار حەکیم ڕایگەیاندووە کە پلانی گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی پێشتر ئامادە کراوە و ڕووداوەکەی سوید بووە دەرفەتێکی باش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
عائد هیلالی سەرکردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەش ڕایگەیاندووە کە گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی بۆ هەمووان پێشبینیکراوە.
سەدر ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بۆ هەمیشە لە چالاکییە سیاسییەکان واز دەهێنێت.