ئەردۆغان بە ئامانجی ئابوری سەردانی چەند وڵاتێکی عەرەبی ناوچەکە دەکات

(0) / / ئاسیا / ڕەجەب تەیب ئەردۆغان قەتەر ئیمارات


Jul 11, 2023

قەبارەی فۆنت:
پاش پاڵپشتییە میدیایی و داراییەکەی وڵاتانی عەرەبی لە سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئامانجی پتەوکردنی هاوبەشی ستراتیژیی خۆی سەردانی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەرواری 17 تا 19 ی تەمموزی 2023 سەردانەکەی بۆ ناوچەی کەنداوی فارس دەست پێدەکات و بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ئابوری و پتەوکردنی هاوبەشی ستراتیژی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی، سەردانی سعوودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و قەتەر دەکات.
شارەزایان و چاودێرانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی ئێستای پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، ئابورییە. بابەتێک کە محەممەد شیمشەک وەزیری دارایی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەردۆغان بۆ واژۆکردنی چەند ڕێکەوتنێکی دووقۆڵی سەردانی ئیمارات دەکات.
ماوەی 20 ساڵە کە پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی نەکەوتووەتە ڕاستەڕێگای خۆی و هەر کات کەشی هاوکاری و لێک تێگەیشتن لە نێوان هەر دوو لادا هەبووە، ئاڵۆزییەک وەک ناکۆکی دووقۆڵی، بۆ نموونە، لە نێوان تورکیا و سعوودیە یان لە گەڵ ئیمارات، هاتووەتە پێشەوە تا پەیوەندی نێوان ئەوان تێکبدات.
ئەردۆغان لە پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بە کەناڵی سی ئێن ئێن ی ڕاگەیاند کە وڵاتانی سعوودیە، قەتەر، کوێت، ئیمارات و تەواوی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس برایانی تورکیان و ئاڵۆزی لە نێوان ئێمە و ئەم وڵاتانە درووست نییە، ئێستا ئێمە بە سەر ئەم دۆخەدا زاڵ بووین و کۆبوونەوە و سەردانەکان لە گەڵ ئەوان دەستیپێکردووە.