خۆکوژی لە تورکیا زیادیکردووە

(0) / / ئەورووپا / تورکیا خۆکوژی


Jul 24, 2023

قەبارەی فۆنت:
پەرلەمانتارێکی تورکیا هۆشداریی داوە کە بە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابوری لەم وڵاتە، خۆکوژی کەسانی تەمەن ژێر 15 ساڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
تەحسین بەکان پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری کە لە پارتە نەیارەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغانە، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لە نێو گەنجان و مێرمنداڵانی تورکیا هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکەی ئەم دواییە کە منداڵێک خۆیی خستە ژێر شەمەندەفەرەوە لە ئیستەنبووڵ، یەکێک لە هێماکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لە نێو گەنجان و مێرمنداڵانە.
زانیارییەکانی دەستەی ئاماری تورکیاش پیشان دەدات کە لە ساڵانی ڕابردوو 1673 منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر 15 ساڵ لە تورکیا خۆکوژییان کردووە.
ئامارە فەرمییەکان پیشان دەدەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێدان، ڕێژەی خۆکوژی لە تورکیا لە سەدا 53 بەرزبوونەوەی هەبووە و لە 2705 حاڵەت لە ساڵی 2003 گەیشتووەتە 4166 حاڵەت لە ساڵی 2022 و بە گشتی لە ساڵی 2003 تا 2022 لە تورکیا 63 هەزار و 244 کەس پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە.
تەحسین بەکان ڕایگەیاندووە کە خۆکوژی منداڵان و مێرمنداڵان بووەتە نیگەرانییەکی گەورە بۆ تورکیا و بەشێکی زۆری ئەمەش بۆ خەراپتربوونی دۆخی ئابوری دەگەڕێتەوە.