هەرێم لە بەردەم سەرپێچە مەترسیدارەکەدا

(0) / / وتار / ڕووسیا


Jul 30, 2023

قەبارەی فۆنت:
پێشھات و ڕووداوەکان، ئاماژە بەقورستر بوونی دۆخەکە سەبارەت بەھەرێم دەکەن. ئامانجە ستراتیژییەکەش ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، یاخود لانی کەم، داچۆڕاندنیەتی لەڕەگەزەکانی ھێز تیایدا. ئامرازەکانیش ئەمانەن:
1 – قووڵکردنەوەی ناکۆکی و لێک هەڵوەشانەوەی زیاتری ناوخۆی هەرێم بە مەبەستی:
بەهەدەردانی تواناکان.
تێکدانی زیاتری ئامانجە لەپێشینەکان.
سەرقاڵکردن بەخۆوە و نەپەرژانە سەر گۆڕانکارییەکای دەوروبەر و دەرفەت و ئاڵنگارییەکان.
ڕێگرتن لە گەڵاڵەکردنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش و گوزارشت دانەوەیەکی دامەزراوەیی ڕاستەقینە لە هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووریی یەکگرتوو.
2 – قووڵکردنەوەی قەیرانی ئابوری.
3 – بە ناسەقامگیر هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا.
4 – هەڕەشە و فشاری سەربازی بە پاساوی بوونی بارەگای هێزە کوردییەکانی پارچەکانی تر.
5 – وێناکردنی هەرێم و بە تایبەت پارتی وەک هێزێکی خۆیەکلاکەرەوە بۆ بەرەی خۆرئاوا دژ بە ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی و لێکەوتە جیۆ سیاسییەکانی جوڵاندنەوەی دۆسیەی غازی هەرێمیش ناونیشانی دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی توندتربوونی فشارەکانە.
پێشم وایە ھەر لەم چوارچێوەدا، دادگای فیدراڵی وەك ئامرازێکی فشارکردنی بەھێز لە ھەرێم، زۆرتر بەکاردێت، دەشتوانێ فشارەکە لە دروستکردنی کێشە بۆ ھەرێم و ھەوڵی تەقاندنەوەی دۆخەکە لەناوەوە، بەرزکاتەوە بۆ ئاستی جاڕدانی بۆشایی دەسەڵات لە ھەرێمدا، ڕاگەیاندنی ئەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ھەرێم ناشەرعی و ماوە بەسەرچووەو مافی لێدوان بە ناوی ھەرێم، گفتووگۆو وتووێژوو ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی نییە، ئەوەش لەڕێی:
1 – دەرکردنی بڕیار بە نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی پەرلەمان.
2 – ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و دژوارکردنی ڕێکەوتن لە سەر وادەی هەڵبژاردن و دووبارە درێژکردنەوە. بەوەش ئەندازیارانئی پشت ئەزموونەکەی لوبنان هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەمان دۆخ بدەن بە هەندێک دەستکارییەوە.
لێرەشەوە، دەتوانین بڵێین: دواخستنی ھەڵبژاردن، تەنھا پەیوەندی بەلەکەدار کردنی زیاتری ئەزموونی دیمووکراسی ھەرێمەوە نییە، ھەروەھا تەنھا ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی لێکی ناداتەوە، بەڵکو ڕەھەندێکی ھەرێمایەتی و دەرەکیشی ھەیە، یاخود بۆی پەیدا دەبێت و تیایدا ھەرێم وەك قەوارەی دەستووری تیایدا بە ئامانج گیراوە.
چونکە لەھەردوو ئەو حاڵەتەی سەرەوە، واتە دەرکردنی بڕیارێك لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەناشەرعیدانانی دەسەڵاتی ئێستای ھەرێم، یاخود نەتوانینی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەم ساڵدا، دەبێت ئەگەری سیناریۆو بڕیاری تر بۆ چۆنییەتی پڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکەو پەیوەندی بە چارەنووسی قەوارەی ھەرێمەوە لەبەرچاو بگرین.
ھەروەھا حساب بۆ ئەوە بکەین مەسەلەی بەشە خۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێمیش لەداھاتوودا مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت.
ڕاستە ئەم لێکدانەوانە ئاماژەن بەخراپترین سیناریۆو دەکرێت ڕێك بەو شێوە دەرنەیەن، ململانێکان لەخوار ئەمانەوە ئاستی ترو شێوازی بەرجەستە بوونییان ھەیە.بەڵام لەسەرە پێچە مێژووییە جیھانی ھەرێمایەتی و ناوخۆییەکاندا، دەبێت حساب بۆ سیناریۆو ئەگەرە خراپترینەکان بکرێت، چونکە ڕێساکانی گەمەکەو مەنزومە ڕێکخەرەکان دادەڕێژرێنەوە و مۆرکی گۆرانکارییەکان پێناسی وەرچەرخانییان بەسەردا دەچەسپێت.
ھەڵبەت لەم دۆخانەو لەدوو توێی خراپترینەکاندا، گەر عەقڵی ستراتیژو ھەل ومەرجی لەخۆگر لەئارادا بن، ھەندێ لەدەدفەتە مێژووییە کانیش ئامادەن وشاراونەتەوەو ئەگەری ئەوە ھەیە بێنە پێش.