سەرۆک وەزیرانی تونس لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

(0) / / ئەفریقیا / تونس قەیس سەعید ئەحمەد حەشانی


Aug 02, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرۆک کۆماری تونس شەوی سێ شەممە یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی مێژووی سیاسی ئەو وڵاتەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و ئەحمەد حەشانیی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ دەستنیشان کرد.
قەیس سەعید سەرۆک کۆماری تونس شەوی سێ شەممە 1 ی ئاب بە بڕیارێک کۆتایی بە سەرۆک وەزیرانیی نەجلا بودەن هێنا و ئەحمەد حەشانیی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ دەستنیشان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی پێشوو بە وەفاداری بۆ سەرۆک کۆمار لە ماوەی دوو ساڵ مانەوەی لەو پۆستەدا ناوبانگی دەرکردبوو.
ئەحمەد حەشانی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی تونس لە کۆشکی سەرۆکایەتی سوێندی یاسایی خوارد. ناوبراو لە ناوەندە حیزبی، سیاسی و ئابورییەکاندا کەسێکی ناسراو نییە، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە حەشانی لە بانکی ناوەندی تونس کاری کردووە و دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی ئەو وڵاتەیە.
سەرۆک کۆماری تونس 29 ی ئەیلولی 2021 نەجلا بودەن حەرەم ڕەمەزان ی تەمەن 63 ساڵەی لە شوێنی هیشام مەشیشی وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی دەستنیشان کردبوو. ئەوەش بووە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە مێژووی سیاسی تونس و ئێستا پاش نزیک لە دوو ساڵ لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.