کەرکوک بە 9 هاوپەیمانی دەچێتە پێشوازیی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق

(0) / / كوردستان / عێراق کەرکوک


Aug 11, 2023

قەبارەی فۆنت:
لەدوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی کە بۆ تۆمارکردنی لیستە و قەوارە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانەوە راگەیاندرا، لە کەرکووک نۆ هاوپەیمانی پێکهێندراوە.
کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سێ هاوپەیمانی دەبێت، کە بریتین، لە هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێکی دیکە، تەنها ماوە بەفەرمی رابگەیەندرێ، یەکێتی و حزبی شیوعی هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (کەرکووک، هێز و ئیرادەمانە) دروستکراوە، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (مەشخەڵی کەرکووک) دروستکردووە، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری دەکات.
عەرەبیش بە پێنج هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن، سیادە و تەقەدوم هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (قیادە) بەسەرۆکایەتی محەممەد تەمیم پێکهێناوە، راکان جبوری و چەند لایەنێک هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (عەرەبی) دروستکردووە، عەزم و بەرەی عەرەبی یەکگرتوو هاوپەیمانێتییەکان بەناوی هاوپەیمانی (عروبە) بەسەرۆکایەتی وەسفی عاسی دروستکردووە، سەرجەم لایەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (چوارچێوەی نیشتمانی) دروستکردووە و ئەیاد عەلاوی و چەند حزبێکێش هاوپەیمانێتی (ئیتلافی نیشتمانی)ـیان پێکهێناوە.
هەشت حزبی تورکمانیش هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی هاوپەیمانی (بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو) بە سەرۆکایەتی حەسەن تۆران دروستکردووە، بەڵام ناکۆکی قوڵ لەنێوان حەسەن تۆران و ئەرشەد ساڵحی لەسەر سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییکە دروست بووە.
بەپێی ئەم دابەشکارییە بێت، کورد بە سێ هاوپەیمانی و دوو لیستی جیا ، عەرەب بە پێنج هاوپەیمانی و تورکمانیش بە یەک هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن کە بریارە 18ـی مانگی 12 ئەنجامبدرێت.