گیان لە دەستدانی سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر

(0) / / ئەورووپا / ئیمانوێل ماکرۆن فەرەنسا عێراق بەغداد


Aug 19, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەربازێکی فەرەنسی بە رووداوێکی هاتوچۆ لە عێراق برینداربوو، پاش ئەوەی لە هەولێر نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ” سەربازێکی فەڕەنسی لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لەگەڵ هێزەکانی عێراق تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، بە دڵگرانییەکی زۆرە ڕایدەگەیەنین کە سەرباز باپتیست گاوچۆ لە فەوجی نۆزدەی ئەندازیاران لە عێراق گیانیلەدەستدا.”
ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ گەلی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق دووپاتدەکاتەوە، هەروەها ئیرادەی فەرەنسا بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن شانبەشانی ئەوان بۆ ڕاهێنان بە هێزە ئەمنییەکانیان کە ڕووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە خستەڕوو.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، “ئەو سەربازە بە یاوەری سەربازێکی دیکە بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون، پاشان بە سەختی بریندار بووە.”
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ” پاش ئەوەی باپتیست گاوچۆ نەشتەرگەرییەکی فریاگوزاری لە نەخۆشخانەی هەولێر بۆ ئەنجامدەدرێت، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستداوە، هاوەڵەکەی کە بە سەختی برینداربووە، لە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی بەغداد چارەسەری بۆ دەکرێت”.