ئیسلام کەشانی شایستەی ڕێزلێنان بوو

(0) / / وتار / کوردستان


Aug 26, 2023

قەبارەی فۆنت:
ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوان‌و کادری یەکگرتوو، ئیسلام کەشانی، ئەوەندەی ئاگاداربم، چی پێکرابێت لەخزمەتکردنی شارەکەی درێغی نەکردوەو سیمایەکی گەنجی خۆشەویستی زاخۆیە. ئەوەش دەیخواست دامودەزگا فەرمییەکان‌و لەوانەش دەزگا ئەمنییەکان، ڕێزلێنانیان بۆ بکردایەو لەو ڕێگه‌یەشەوە گەنجانی تریشیان لەسەر گیانی خزمەتکردن‌و ئامانج بەرزی هانبدایە.
خۆ ئەگەر کەلتوری سیاسی‌و حزبیی‌و ئیداریی ئێمە هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە لەپیشەییبون‌و ڕێزگرتن لەڕەمزە خزمەتگوزارو جدییەکان بێ خوێندنەوەی پاشخانی حزبی‌و فیکریان، لانی کەم بەو جۆرەی ئێستا مامەڵەی لەگەڵ نەکراباو دەرفەت لەبەردەمیدا بچوك نەکرایەتەوە.
بۆ ئەوەی بەهۆی ئەوەوە، وێنەی بەئامرازکردنی دەزگا ئەمنیەکان‌و دادگا لەململانێ حزبیەکاندا، لەبەرچاوی هاوڵاتیانێکی زۆری کوردستان تۆختر نەکەنەوە، چونکە نامۆبون‌و نائومێدی زۆرتر بەرامبەر دەزگاکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بەدەر لەوە، ئاسان نییە لەبەرچاوی خەڵکێکی زۆری زاخۆو بادینان‌و باشور بەگشتی، بتوانرێت دەستگیرکردنی کەشانی لەدەرکەوتنی‌و پاڵێوراوبونی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پەڕلەمانی کوردستان لەسەر لیستی حزبێکی دژبەری پارتی، داببڕرێت‌و نەخرێتە ئەو سیاوەقەوە، یاخود باوەڕ بەوتۆمەتە سەیروسەمەرە بکەن دراوەتە پاڵی.
هەربۆیە، بەبڕوای ئێمە، درێژەدان بەمجۆرە ڕێوشوێنانە دژ بەڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانەکان لەبادینانن هەڵەو ناڕاستە، نەك سنور بۆو ناڕەزایەتیە جەماوەریەش دانانێت لەوناوچە بەرامبەر پارتی دروست بوە، بەڵکو قوڵایی مێژویی‌و ڕەمزو کەیسی زۆرتری پێدەبەخشیت‌و گەورەتری دەکات.
ئەوەی ناڕەزایەتیەکەشی هێناوەتە کایەوە ئەو چالاکوانانە نین، بەڵکو ئەوان گوزارشتی لێدەدەنەوەو خۆدەکەن بەهێمای، ڕیشەی کێشەکە لەوبەشەی هەرێم‌و ناوچەکانی تر وا لەناکۆکییە عەبەسییەکان‌و گەندەڵی‌و بەحزبیکردنی دامودەزگا گشتیەکان‌و نەبونی سەروەری یاساو بەگشتی قەیرانە سیاسی‌و حزبی‌و ئابوری‌و حوکمڕانییەکەی هەرێمدا، کەئێستا بەیەکێك لەهەرە ساتە وەختە ناسکەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، کە ئەوەش شەرعیەتی دامودەزگاکانی بۆ ئاستێکی دڵئازاردەر لاوازکردوە.
دۆخێکی لەوجۆرە پێویستی بەکردنەوەی دەرگای ئومێدو دروستکردنی سەرەتای متمانە بەبونی ئیرادەیەك بۆ بەخۆداچونەوەو دوبارە بیناکردنەوەو ڕاستکردنەوەی هەڵەکان هەیە، نەك جەماوەر خستنە بەردەم ڕەش‌و سپییەکی لەپێشتر پێناسەکراوی ناچاری‌و چاوەڕوانکردنی قەدەرێکی نەزانراو.
ئەبوبەکر کاروانی