هەولێر و بەغدا لێژنەی هاوبەشیان پێکهێنا

(0) / / كوردستان / بەغدا عێراق


Aug 27, 2023

قەبارەی فۆنت:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە حکومەتی بەغدا لێژنەیەکی هاوبەشی لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز پێک هێناوە.
فیراس مەسلەماوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند کە لێژنەیەک لە لایەن وەزیری نەوتی عێراق، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ و ستافی دیاری وەزارەتی نەوت پێکهێنراوە لە گەڵ بەشداریکردنی ئەندامانی دیکەی سەر بە پارێزگارەکانی بەرهەمهێنەری نەوت وەک بەسرە، زیقار، میسان و کەرکوک.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەرکی ئەو لێژنەیە ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و پێشکەشکردنیە بە حکومەت و پەرلەمانی عێراق.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق هەروەها ڕایگەیاند کە خواست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە لایەن پەرلەمانەوە هەیە بە مەبەستی دەرچواندنی یاساکە.
فیراس مەسلەماوی ڕایگەیاند کە نەوتی عێراق یەک بەشە و دابەش ناکرێت و هەوڵێک لە ئارادایە بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان بۆ خەڵکی گشتی و گەلی عێراق، لە هەرێمی کوردستانەوە تا دەگاتە ناوەند و باشور.