گۆڕانکارییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەم

(0) / / ڕاپۆرت / کوردستان


Sep 21, 2023

قەبارەی فۆنت:
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان 27 ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەکرێت کۆمەڵە گۆڕانکارییەک لەم کۆنگرەی یەکێتییەدا ڕوو بدات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەی پێنجەمدا گۆڕانکاری گەورە لە پەیرەو و هەیکەل و کاری ڕێکخستنی خۆیدا دەکات و سیاسەتی حیزبەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکات.
ژمارەی مەکتەبەکانی ئێستای یەکێتی بۆ نیوە کەم دەکرێنەوە و بەشێک لە مەکتەبەکان نامێنن و بەشێکی دیکەشیان کە سرووشتی کارکردنیان نزیکە لە یەکەوە پێکەوە تێکەڵ دەکرێن.
بە گوێرەی پەیرەوی ئامادەکراوی یەکێتی، هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ناتوانێت ببێتە بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندی ئەم حیزبە و دەبێت ئەندامانی سەکردایەتی بەرپرسیاریەتی مەکتەبەکان وەربگرن نەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
لە لایەکی دیکەوە یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی کۆنگرەی یەکێتی بریتی دەبێت لە لابردنی مەکتەبی ڕێکخراوە دیمۆکراتییەکان و درووستکردنی بۆردی پیشەیی و جەماوەی و ڕێکخراوەیی لە نێو مەڵبەندەکان کە لە لایەن کارگێڕانی مەڵبەندەکانەوە بەڕێوە دەبرێن.
هەروەها گۆڕانکارییەکی دیکە ئەوەیە کە مەکتەبی ڕێکخستن بە شێوازی ئێستا نامێنێت و مەڵبەندەکان دەبەسترێنەوە بە ناوەندێکی ڕێکخستنەوە کە لە پارێزگاکان دادەنرێن و ناوەندەکان دەبەسترێنەوە بە مەکتەبی ڕێکخستنەوە، واتە مەڵبەندەکان ڕاستەوخۆ سەر بە مەکتەبی ڕێکخستن نامێنن.
وەک ئاماژە درا، بڕیارە 27 ی ئەیلولی 2023 پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و چاودێرانیش لەو بڕوایەدان کە بەڕێوەچوونی کۆنگرە لەم دۆخە ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێش و نزیک لە هەڵبژاردنەکاندا کارێکی ئەستەم و بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی ئەو حیزبەیە و ڕەنگە لێکەوتەی خێرای بە دواوە بێت و کاریگەریی لە سەر دۆخی یەکێتی هەبێت بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو.