شکستە گەورەکەی ئیسرائیل

(0) / / ڕاپۆرت / حەماس‌ غەززە ڕۆژنامەی تایم ئۆف ئیسرائیل


Oct 09, 2023

قەبارەی فۆنت:
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی ئەقسا کە لە لایەن کەتیبەکانی عێزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسەوە لە کەرتی غەززە لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەوە دەستیپێکردووە، ڕایانگەیاندووە کە تەل ئەبیب ڕوبەڕوی شکستێکی گەورە و کەم وێنە بووەتەوە.
لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی هائارتز مانشێتێکی هەڵبژاردوە کە کورتەیەک لەتەواوی ڕوداوەکەی خستۆتەڕوو تێیدا دەڵێت، "دزەیەکی کتوپڕو بۆردومانێکی گەورە، ئیسرائیلی توشی شۆک کرد، چەند کوژراوو سەدان بریندارو ژمارەیەکی نادیار بارمتە".
ڕۆژنامەکە ڕاستییەکانی شەڕەکەی نێوان چەکدارانی حەماس‌و سوپای ئیسرائیلی گواستۆتەوەو ئاماژە بەوەدەکات، ئەوەی ئیسرائیل ڕوبەڕوی بۆتەوە لەدەرەوەی پێشبینییەکان بوە.
هەروەک ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی عیبری لەچەند مانشێتێکدا ئاماژەی بەحاڵەتی ئەو شۆکە کردوە کە توشی ئیسرائیلییەکان بوە، بەشێوەیەک هێرشەکەی بەشکستێکی گەورەى هەواڵگریی بۆ ئیسرائیل وەسفکردوە، بەشێوەیەک هێرشەکە هەر تەنها بۆ خودی ئیسرائیلییەکان سوپرایز نەبوە، بەڵکو کاردانەوە سیاسیی‌و میدیاییە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەیان بەو حاڵەتە کردوە.
مانشێتەکانی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیش بەهەمانشێوە سەرسوڕمانیان بەسەردا زاڵبوە، بەوپێیەی هێرشی حەماسیان بەبێ وێنە وەسفکردوە کە ئیسرائیلییەکان لەدوای هاتنەسەرکاری بزوتنەوەی حەماس لەغەزە هیچ شتێکی لەو جۆرەیان نەبینیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە لەغەزەدا ناوازە بوە لەڕوی سوپرایزەوە، جگەلەوەی کە هێرشەکە بۆردومانی موشەکی‌و داگیرکردنی زەمینی لەهەمانکاتدا لەخۆگرتبوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئاماژەی بەو حاڵەتی سەرسوڕمانە کردوە کە بەسەر دانیشتوانی کۆمەڵگە نیشتەجێبونە جولەکەنشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەزەدا هاتوە بەشێوەیەک لەسەر زاری هەندێکیانەوە گێڕاویەتییەوە کە وتویانە چەکدارانی “حەماس” بەئازادی لەباڵەخانە نیشتەجێبونەکانیاندا دەسوڕانەوە، لەکاتێکدا هەندێکی تر گلەیی ئەوەیان کردوە کە سوپا هیچ ئامادەییەکی نەبوەو دانیشتوانبێ ئەوەی هیچ وەڵامێکیان بدرێتەوە دوای بەهاناوە هاتنیان کردوە.
ڕۆژنامەی تایم ئۆف ئیسرائیلیش پرسیاری شرۆڤەکارانی لەبارەی ڕۆڵی سوپای ئیسرائیل‌و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل بڵاوکردۆتەوە، کە بەهۆی هێرشی حەماسەوە وروژێنراون، بەگوێرەی شرۆڤەکارانی ئیسرائیل کە ئەوەی ڕویدا بەشکستێکی کەمەرشکێنیان وەسفکردوە، هاوکات لەزاری فەرماندەی پێشوی هێزی دەریایی ئیسرائیل، ئەلی مارۆن گواستویانەتەوە کە وتویەتی، "ئەوەی ڕویدا لەشکست زیاتر بوو".
جەختیشیکردۆتەوە، ئاکامەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئیسرائیل ترسناک دەبن.