ئایا تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات؟

(0) / / ڕاپۆرت / حەشدی شەعبی هەرێمی کوردستان تورکیا ڕاپۆرت


Dec 24, 2023

قەبارەی فۆنت:
هاوکات لە گەڵ هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی تورکیا، ئەنکەرە لە شەوی شەممەوە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و سوریا چڕتر کردووە.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا هێرشێکی چڕیان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاخۆ، سیدەکان و قەندیل دەستپێکردووە و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان زیانێکی زۆریان بەو هێزانە گەیاندووە.
هێرشەکانی تورکیا لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو 13 کەس لە هێزە سەربازییەکانیان بە هۆی هێرشەکانی پەکەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە کە لانیکەم 10 پێگەی هێزەکانی پەکەکە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج.
بە وتەی سەرچاوەکان، تورکیا لە هێرشەکاندا کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی پەکەکەی لە قەندیل، سۆران، سیدەکان، زاخۆ و تونێل و پەناگەکانی ئەو هێزانەی کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە کە 29 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و سوریا.
شارەزایانی کاروباری ئەمنی لەو بڕوایەدان کە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی گەورە و بەرفراوان لە دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات.
بە وتەی ئەوان، دۆخی کەشوهەوا لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەکێک لە هۆکارەکانی زیاتربوونی هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو ئەنکەرە پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سیاسی و ئەمنی عێراق کرد پێکهاتبوو کە وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.