نێچیرڤان بارزانی لە بەغداوە داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەکات
(0) /
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهید محەممەد باقر حەکیم کە بە ڕۆژی شەهیدی عێراق ناسراوە، وتارێکی پێشکەش کرد و داوای لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.
دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی لە درێژەدا هاتووە:
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕۆژتان باش..
ئەمڕۆ پێكەوە لە یادێكی گرنگدا بەشدارین، كە ڕۆژی شەهیدی عێراقی و یادی (21) ساڵەی شەهیدكردنی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەكیمە. گەلی عێراق بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و لەناوبردنی تیرۆر، زۆر شەهیدی داوە. باشترین وەفاداری بۆ یاد و ڕۆحی شەهیدان، گەشەپێدانی ئاوەدانی و خۆشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی عێراق و دابینكردنی دواڕۆژێكی گەشە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو.
شەهیدی میحراب، شەهیدی دەستی تیرۆر، ئایەتوڵڵا محەممەد باقر حەكیم، لە دوورەوڵاتیدا، ڕابەر و هاندەرێكی سەرەكیی یەكبوونی خەبات و كاری پێكەوەییی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بوو. یەكبوونی ئەوكات، بۆ ڕزگاركردنی گەل بوو لە چەوساندنەوە و لە دیكتاتۆری.
ئێستا ئێمە كە لە عێراقی ئازادكراو لە دیكتاتۆری، یادی شەهید ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەكیم دەكەینەوە، دەبێ بە دوو شێوە، بە كردەوە وەفاداریی خۆمان بۆ شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدان نیشان بدەین. ئەویش بە نەهێشتنی هەموو جۆرێكی چەوساندنەوە و ناعەدالەتی، لەگەڵ دووركەوتنەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان، لە گواستنەوەی ڕكابەری و ناكۆكیی سیاسیی نێوانیان، بۆ ناو كۆمەڵگە و نەتەوە و پێكهاتەكانی تری عێراق.
پێكەوەكاركردن و یەكێتیی نێوان شەهیدی میحراب و باوكی خوالێخۆشبووم ئیدریس بارزانی، هەروەها لەگەڵ جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆكی خوالێخۆشبوو مام جەلال و لایەن و سەركردەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، ئەوكات خۆشەویستیی نێوان گەلی چەوساوەی عێراقی، بەهێز دەكرد.
ئێمەی نەوەی دوای ئەوان، دەبێ ئەو خۆشەویستییە بەهێزتر بكەین، نەك تێكی بدەین. بەهێزكردنی یەكسانی و خۆشەویستیی نێوان نەتەوە و پێكهاتەكانی عێراق، ڕێگەی ڕابەر و سەركردەكانمانە. پێچەوانەكەی، ڕێگەی ئەوان نییە و دژی ڕێبازی ئەوانە.
ئەوەی ڕابەرانی خەبات و بزووتنەوەی سیاسیی ئێمە دەیانكرد، لە باكگراوەند و قووڵایییەكی گەورەوە دەهات. زانا و ڕابەرانی ئایینیمان، بە زانست و زانینی خۆیان، ڕوانگەیەكی فراون و مرۆڤانەیان هەبوو، لەبەرئەوەش مەرجەعیەتی گەورە لە نەجەف، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بارزان و زانایانی كوردستان بەگشتی هەبوو.
ڕابەڕی شۆڕشی كوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی، پەیوەندییەكی بەردەوامی لەگەڵ مەرجەعیەتی باڵادا لە عێراق هەبوو. فەتواكانی ئایەتوڵڵا عوزما موحسین حەكیم، لەگەڵ ئایەتوڵڵا عوزما محەمەد باقر سەدر لە ساڵەكانی ١٩٦٥ و ١٩٧٤ لەژێر حوكمی دیكتاتۆریدا، بێ ئەوەی گوێ بە مەترسییەكانی سەر ژیانیان بدەن، فەتوای زۆر هەقپەرستانە بوون. ئەو دوو مەرجەعە گەورەیە، فەتوای حەرامكردنی شەڕی كورد و پێشمەرگەی كوردستانیان دا. گەلی كوردستان هەرگیز فەتوا مێژوویی و هەڵوێستەكانی ئەوان، لەبیر ناكات.
ئەم یادانە گرنگن، بۆ ئەوەی هەموومان ئێستاش بە كردەوە، ئەو ڕابردووە جوانەمان بپارێزین. ئەو ڕابردووە بە ڕوانگەی فراوان و بە هەبوونی پەیوەندی و خۆشەویستی كە دروست بووە، نابێ بە بڵاوكردنەوەی ڕق و ناكۆكی و دووبەرەكی، ئێستا و داهاتوومان تێك بچێت، بەڵكو دەبێ بە خۆشەویستی و پەرەپێدانی هاوبەشییەكانمان، بەهێزتری بكەین.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
جگە لەو ڕابردووە، ئەمڕۆ ئێمە سەرچاوەیەكی گرنگ و گەورەی یاساییمان هەیە بۆ پێشكەوتن و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی هاوبەشی پێكهاتەكانی عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دەستوورێكمان هەیە. ڕۆحی دەستوور بریتییە لە دروستكردنی دیموكراسی، دادپەروەری و دابەشكردنی دەسەڵات و سیستەمی فیدرالی. جێبەجێكردنی دەستوور وەك خۆی، ڕابردووی جوانی كۆمەڵگەمان دەپارێزێت و ئێستا و داهاتووشمان باشتر دەكات.
بۆیە ئێستا كە لێرە زۆر لە بەڕێزان سەركردە و بەرپرسانی گەورەی عێراقی دانیشتوون، داوا دەكەم هەموومان پێكەوە پابەندی ئەو دەستوورە بین. دەستوور، یەكسانیی هەموو پێكهاتە و هەرێم و پارێزگاكانی عێراق و سەقامگیریی وڵات دەپارێزێت.
بەڕێزان..
ئێستا لەبەر نەبوونی بودجە و مووچە لە هەرێمی كوردستان، فەرمانبەران و خەڵك لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین. ئەوە كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردووەتە سەر هەموو كەرتەكان لە هەرێمی كوردستان. زۆر پێویستە ئەو كێشە گەورەیە، بە زوویی چارەسەر بكرێت. ئەمەش بەرپرسیاریەتیی هەموومانە، چونكە هەرێمی كوردستان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەشێكن لە عێراق.
بۆیە داوا لە تەواوی سەركردە و لایەنە سیاسییەكان، فراكسیۆنەكان و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم، پشتیوان بن بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
بەڕێزان..
حكوومەتی عێراقی فیدراڵی بە سەرۆكایەتیی برای بەڕێزمان محەمەد شیاع سوودانی، بە باشی كاری كردووە، ئەوەش پێگەی عێراقی بەهێز كردووە. ئەو شێوە كاركردنە، دەتوانێ پێگەی عێراق بەهێزتریش بكات. بەڵام پێشێلكردنی دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە هێرش بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە، كاری حكوومەت تێكدەدات و ئاڵۆزییەكی زۆر و هەمەلایەنە لە عێراق دروست دەكات.
ئەو هێرشانە زیانێكی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان گەیاندووە، بووەتە هۆی ئەوەی دڵەڕاوكێ بە هەموو بازاڕی عێراقدا بڵاو ببێتەوە، هەروەها دەرفەتی داوەتە تیرۆریستانی داعش كە هێرشەكانیان زۆرتر بكەن.
هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر داوای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش هاتوون. پێویستە دەرفەت بدرێتە حكوومەتی فیدرالی و بەڕێز سەرۆك وەزیران سوودانی بەپێی پلانێكی هاوبەش و لە زەمینەیەكی ئارام و بێ كێشەدا گفتوگۆیان لەگەڵدا بكات، بۆ ڕێككەوتن لەسەر داهاتووی هاریكاریی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و عێراق.
عێراق دەوڵەتێكی خاوەن دەزگای نیشتمانیییە، دەبێ ئەو دەزگایانە كاری خۆیان بكەن، بە پێچەوانە خەڵكی عێراق دەخرێتە كێشە و ئاڵۆزیی تازەوە، لە كاتێكدا عێراق ئێستا زیاتر لە هەموو شتێكی دیكە پێویستی بەوەیە سەقامگیرییەكەی تێك نەدرێت.
لە كۆتاییدا، سوپاسی برای بەڕێزم سەید عەممار حەكیم دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم رێوڕەسمە. سڵاو دەنێرم بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەكیم و ڕۆحی خوالێخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز حەكیم و هەموو شەهیدانی عێراق.
تێبينيێك بنێرە: