ئایا هەرێمی کوردستان تووشی بنبەستی سیاسی دەبێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / عێراق ڕاپۆرت هەرێمی کوردستان


Mar 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
بڕیارەکەی پارتی بۆ کشانەوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بایکۆتی ئەم پرۆسەیە، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی تەنگەژەیەکی سیاسی نوێ دەکاتەوە.
ڕاوێژکاری میدیایی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 10 ی حوزەیران بەڕێوە بچێت.
ڕۆژنامەی الشرق الاوسط لە سەر زاری کیفاح مەحمود ڕایگەیاندووە کە ئەگەر هەڵبژاردنەکان بە بێ بەشداری پارتی بەڕێوە بچێت، ئەنجامێکی قبووڵکراوی نابێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە هۆی گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە پێچەوانەی دەسەڵاتەکانی هەرێمە و هەروەها بە هۆی ئەو گومانانەی لە ژماردنی دەنگەکادا هاتووەتە پێشەوە، پرۆسەی دەنگدان لەم هەڵبژاردنانەدا ڕوبەڕوی شکست دەبێتەوە.
کیفاح مەحمود بوونی دادگای فیدراڵیی عێراقی بە پێچەوانەی دەستووری ئەم وڵاتە ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە بڕیاری هەندێک لایەنی سیاسی کاریگەریی لە سەر دادگاکە هەبووە و ئەمەش لە بڕیارەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان دەبینرێت.
پارتی لە کاتێکدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە کە یەکێتی، نەوەی نوێ، بزوتنەوەی گۆڕان، لایەنە سیاسییەکان و ئەو حیزبانەش بەم دواییانە پێکهێنراون، جەختیان لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراودا کردووەتەوە.
پێداگری پارتی لە سەر گۆڕینی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و گرنگینەدان بە خواست و داواکاری لایەنەکانی دیکە، ڕەنگە هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی بدات.
هەرێمی کوردستان ئەزموونی بنبەستی سیاسی زۆری هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمجارەش تووشی هەمان کێشە ببێتەوە.