سبەی مامۆستایانی ناڕازی ڕوودەکەنە دەباشان
(0) /
ڕوانگە - وابڕیارە سبەی دووشەممە مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای کۆیەوە بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕازی خۆیان و کۆتایی هێنان بە دواکەوتنی مووچە ڕوبکەنە دەباشان
ئاری عەزەدین ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان ڕایگەیاند: وەک و مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای ساڵانێکی زۆر لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان زۆرجار ڕوی داواکاریەکانمان لە حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم نەک وەڵامی نەداوینەتەوە، بەڵکو تادێت بارودۆخمان بەرەو خراپتر دەچێت، بۆیە بەناچاری ڕوی داواکاریەکانمان کردە حکومەتی ناوەند و خۆشبەختانە دادگایی فیدراڵی عێراق چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێم درکرد کە دەبێت پرسی مووچە جیابکرێتەوە لە ناکۆکیەسیاسیەکان و هەروەها دەبێت لەڕێگەی بانکەحکومیەکانەوە مووچەی فەرمانبەران بە نیشتیمانی بکرێت
وتیشی: لەئێستادا دەرفەتێک هاتۆتەپێش بۆ یەکێتی نیشتیمانی، بۆئەوەی داواکاری فەرمانبەران جێبەجێبکات و پرۆژەی هەژماری من ڕابگرێت و هەروەها بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقدا بکات و لەوڕێگەیەوە داواکاریەکانی مووچەخۆران جێبەجێ بکات
ئاری عەزەدین ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان، ڕونیکردەوە: بۆ گەیاندنی داواکاریەکانمان سبەی سەرجەم مامۆستایانی شار و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەچینە دەباشان کە ناوەندی بڕیاری یەکێتی لەوێیە و بەهیواین یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سبەی بەدەنگ داواکاریەکانمانەوە بێن. چونکە بەپێی بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی فەرمانگەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە وەزارەتی دادگایی فیدراڵی عێراقەوەبکەن بۆ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرەکانیان
لای خۆشیەوە دڵپاک عبدلقادر محمد، وەک مامۆستایەکی ناڕازی ڕایگەیاند: هەرچەندە لەم کاتەدا کە سەروەختی نزیکبونەوەمانە لە پرسی هەڵبژاردن دەرفەتە بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بەدەنگ ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمەوە بێت و کۆتایی بە نیگەرانیەکانی مووچەخۆران بهێنێت، بەڵام پێناچێت یەکێتی هەنگاوی لەوجۆرە بنێت
دڵپاک عەبدلقادر محمد وتیشی: بەداخەوە ئەوەندەی تێبینیمان کردبێت، ساڵانێکە یەکێتی لەڕێگەی بەرپرسەکان و هەروەها میدیاکانییەوە هاوهەڵوێستی ناڕەزایەتییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمە، بەڵام لەژێرەوە و بەپێی ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا تەنها درێژە بە بارودۆخەکەدەدەن و نایانەوێت چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزنەوە
لە بەرامبەریشدا سەعدی ئەحمەدپیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە هەرلەسەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی مامۆستایان و مووچەخۆرانەوە پشتگیریمان لە داواکاریەکانیان کردووە و ئێستاش لە پێناو بەرژەوەندی مووچەخۆراندا بەهەموو جۆرێک پشتگیری لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق دەکەین.
وتیشی: یەکێتی لەسەر پرسی بەبارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەگەڵ هاوڕێیانمان لەحکومەت توشی بارگرژی و دەنگ بەرزکردنەوە هاتووین،
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاشکرایشیکرد: سبەی وەک یەکێتی بەوپەڕی دڵفراوانییەوە پێشوازی لە مامۆستایان و مووچەخۆران دەکەین و هەموو داخوازیەکانیان بەڕەوا دەزانین، چونکە چینی مامۆستایان نەک هی ئەوەنین کە مووچەکانیان بە بارمتەبگیرێت ودوابخرێت، بەڵکو دەبێت هاوشێوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناوەڕاست و خواروی عێراق مووچەکانیان پێدرێت و خزمەت بکرێن.
تێبينيێك بنێرە: