ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەگەرمیان زیادی کردووە

(0) / / كوردستان / ڕوانگه


Mar 28, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه ـ بەهۆی باران باران بارینی ماوەی ڕابردوەوە لە گەرمیان ئاستی ئاوی ژێر زەوی تاڕادەیەک زیادی کردوە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی لەگەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت: هێشتا کاتی زۆری ماوە بۆئەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر بەرز بێتەوە. حامد جومعە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا: ساڵی پار تائەم کاتە لە قەزای کفری ٢٤٠ملم باران باریبو، بەڵام بۆ ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا بڕی٢٥٩،٥ملم باران باریوە، هەروەها لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش ساڵی پار بڕی ٢٢١ملم باران باری بوو، بەڵام ئەم ساڵ ٣٥٥ملم باران باریووە، کە ئەوەش تاڕادەیەک کاریگەری هەبووە لەسەر زیاد بونی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکەدا. وتیشی: بەگوێرەی ئەو پشکنینە سەرەتایانەی کە دوێنێ لە قەزای کفری بۆ چەند بیرێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتێکەمان ئەنجاماندراوە دەرکەوتووە ئاستی ئاوی ژێرزەوی زیادی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوودا بەرەو زیادبون بچێت. بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان، ئاشکرای کرد: دوێنێ چوارشەممە پشکنینی سەرەتایمان بۆ دوو بیرکردووە قوڵی یەکێک لەو بیرانە لە کۆتای مانگی دوو دا ٣١،٩٠مەتر بووە، بەڵام ئێستا قوڵیەکەی گەیشتووەتە ٣١،٨٠مەترە کەواتە دەردەکەوێت کە تائێستا ١٠ سانتیمەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەو بیرەدا زیادی کردووە و هەروەها لە یەکێکی دیکە لەوبیرانەی کە پشکنینی بۆکراوە دەرکەوتووە ئاستی ئاوی ژێرزەوی ١٥ سانتیمەتر زیادی کردووە. حامد جومعە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان باسی لەوەشکرد: ئەو پشکنیانەی کە کراوە پشکنینی سەرەتاین و هێشتا کاتی زۆر ماوە بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکجاری ئاستی ئاوی ژێرزەوی دیاری بکەین، چونکە زیادبونی ئاستی ئاوی ژێرزەوی نزیکە ٦ مانگی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکجاری ئەو ئاستە دیاریبکەین.