سەرۆك کۆمار پێشوازی لە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەک لە لێپرسراوان دەکات

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگه سەرۆک کۆمار


Apr 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی کرد لە بەڕێز قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەك لە لێپرسراوان لە راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی.

 
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 14-4-2024 بەڕێوەچو، باس لە بارودۆخی ئەمنیی وڵات کرا و گرنگی پاراستنی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی پاشماوەکانی و سەرچاوەکانی دارایی بەدیهاتون، دوپاتکرایەوە.
هەروەها باس لە رەوشی راگیراوان و دەستبەسەرکراوانی ناو گرتوخانەکان و پێویستی بەردەوامبوون لە ئازادکردنی ئەو کەسانە کرا، کە ماوەی سزاکانیان تەواوبوە.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی ئاوارەکان و ئەو پلانانە تاووتوێکران، کە بەمەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان و داخستنی هەموو کەمپەکان، داڕێژراون.

ئامادەبوانی کۆبونەوەکە ئاسایشی سنورەکان و پێویستی هاوئاهەنگی و هاریکاری بنیاتنەریان لە بواری چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەپێناو سودی گشتی و بەدیهێنانی بەرژەوەندی گەلان، تاووتوێ کرد.
هاوکات لە کۆبونەوەکەدا، باس لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و دەرئەنجامەکانی کرا و بەڕێز سەرۆك کۆمار جەختی لە پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و فراواننەکردنی بازنەی ململانێکە کردەوە، دوپاتیشیکردەوە جەنگەکان چارەسەرنین بۆ گەلان و کێشەکانی نێوان وڵاتان قوڵتر دەکەنەوە.

سەرۆك کۆمار ئاماژەی کرد بە پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆسەر کەرتی غەززە و دۆزینەوەی رێگاچارەی ریشەیی بۆ دۆزی فەڵەستین لەڕێی پێدانی سەرجەم مافە رەواکان بە گەلەکەی، کە دەبێتە خاڵێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیری ناوچەکە.

لای خۆیەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی باسێکی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و پلانەکانی پاراستنی سەقامگیریی وڵات پێشکەشکرد و پێشنیارەکانی سەرۆك کۆماری بەرزنرخاند بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکخستنی هەوڵەکانی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری.