سەرۆك کۆمار لەگەڵ سەرۆكی ئازەربایجان کۆدەبێتەوە
(0) /
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید لەگەڵ بەڕێز ئیلهام حەیدەر عەلیێڤ سەرۆك کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 11-11-2024 لە بارەگای کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچو، باس لە پەیوەندییە قوڵەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا کرا، هاوکات سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی ئابوری، پیشەسازی، وەبەرهێنان، گەشتیاری، ژینگە و وزە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.
هەروەها تاووتوێکردنی تەوەرەکانی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) بابەتێکی دیکەی دیدارەکە بو، لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری و هاوئاهەنگی دوولایەنە و نێودەوڵەتی لە بواری بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە روبەڕوی جیهان دەبێتەوە و سنوردارکردنی کاریگەرییە مەترسییەکانی.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی ناوچەیی و جیهانی تاووتوێ کران، هەردوولا جەختیانکردەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵنگاریانە، بەشێوەیەك کە بنەمای ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بچەسپێنێت.
لای خۆیەوە سەرۆك ئیلهام عەلیێڤ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەردانەکەی سەرۆك کۆمار و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕی، جەختیشیکردەوە لەسەر پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.
لە کۆبونەوەکەدا، دکتۆر ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی و د.کامیل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و فالح خەزعەلی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەبون.
بەڕێز سەرۆك کۆمار بەیانی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی وەفدێکی حکومی گەیشتە فڕۆکەخانەی حەیدەر عەلیێڤ لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، کە بە بانگهێشتی رەسمیی بەڕێز ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان بەشداری لە لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29) دەکات.
تێبينيێك بنێرە: