هەوڵەکان بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال وەک پێویست نین
(0) /
ڕوانگە - بەبۆنەی ساڵیادیی ئەنفالی دۆڵی بالیسانەوە وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی،ڕایدەگەیەنێت:" خەم و ئازارەکانی خەڵکی کوردستان لە ژێردەستەی و چەوساندنەوە لەلایەن ڕێژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە کۆتایی نایەت، ئەنفالی دۆڵی بالیسان یەک لە نموونە هەرە دیار و بە ئازارەکانی کوردە لەلایەن ڕێژێمی بەعسی پێشوو کە دەیان بنەماڵە و سەدان هاووڵاتی بەناوی پرۆسەی ئەنفال کوژران، جێی داخە کە دوای ئەو گشتە ساڵە ئێستەشی لەگەڵ بێت نەتوانراوە ئەو تاوانە قێزەونە بە جینۆساید بناسێنرێت و ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی و خەمساردیی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
شاتین قەرەداغی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی باسی لەوەشکرد:" حکوومەتی کاربەڕێکەر نەک تەنیا نەیتوانیوە هیچ خزمەتێک بە کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات، بگرە لە ئێستەدا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدان لەژێر سایەی بەناو حکوومەتێکی کوردی بە جۆرێکی تر ئەنفال دەکرێن.
وتیشی:" هاووڵاتییانی کوردستان لەبەر بێباکیی حکوومەتی کاربەڕێکەر و خەمساردیی کاربەدەستانی لە ئاستی بەرەوپێشبردنی ژیان و گوزەرانیان تاکوو دێت سەختر ژیان دەکەن و ئازار و خەمەکانیان دەکولێتەوە و تەواوی ئەو قوربانییەی کە خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بۆ نان و ژیان و ئازادی دایان، بووەتە تۆزی بانان و بەرپرسانی هەرێمیش بە بای خەیاڵیان دا نایەت.
شاتین قەرەداغی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتمانی، ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەوان وەک هاوپەیمانیی نیشتمانی بە ئەرکی سەرشانی حکوومەتی کاربەڕێکەری دەزانن کە چیی تر ئەوەندە خەمسارد و خۆپەرست نەبێت و کەمێکیش بیر لە ژیانی هاووڵاتییان بکاتەوە و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان بە باشترین شێوە خزمەت بکات و هەروەها ئەوپەڕی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ تاکوو ئەو تاوانە قێزەونە بە جینۆساید بناسێنرێت.
تێبينيێك بنێرە: