کۆمیسیۆن بە بێ پارتی هەنگاوێکی دیکە چووە پێشەوە
(0) /
وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، بە پێی خشتەى کارى کۆمسیۆن 10ـى ئایار ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە و لە 6-6 کۆتایی دێت کە چوار ڕۆژ بەرلە هەڵبژاردن دەکات.
جومانە غەلای دەشڵێت، ئەنجومەنى کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڕیارى کۆتایی لەبارەى وادەى دەستپێکردنى بانگەشەی هەڵبژاردن دەدات کە ئایا لە وادەی دەست پێدەکات یاخود نا.
بەردەوامیی کارەکانی کۆمسیۆن لەکاتێکدایە، بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سیناریۆی بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنەکە لە وادەی بڕیار لێدراوی خۆیدا(10-6-2024) ئەنجام نەدرێت و جارێکی دیکە پڕۆسەکە دوابخرێت.
پارتی پاش سێ جار درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە، ئامادە نەبوو لیستی ناوەکانی پێشكەش بكات، بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە پرۆسەكە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی هەیەتی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
پارتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەشداریی نەکردن، دەشڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنیش دوابخرێت هەربەشداریی ناکەن، تائەوکاتەی ئەو پرسانە چارەسەر دەکرێن کە ئەوان بە نایاسایی و بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنەکە لە قەڵەمیان دەدەن، کە گرنگترینیان پەیوەستە بە یەکلا کردنەوەی تانەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم نەک دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لەگەڵ کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمان و ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە 3 کورسین و پارتی داوای زیاتر دەکات لەگەڵ کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ 100 كورسی كەم كراونەتەوە و دادگاکە بە پاساوی "نادەستووریبوون" 11 كورسیی پێكهاتەكانی لابردو، پێكهاتەكان هاوشێوەی حیزب و پارتەكانی دیكە بەبێ سیستمی كۆتا بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.
هەڵبژاردنەكە بە چوار بازنە بەڕێوە دەچێت و ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمدا بە جۆرێک، سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هەڵەبجە سێ كورسی بۆ تەرخان کراوە.
تێبينيێك بنێرە: