کارکردن لە پڕۆژەی رێگای دۆڵی بالیسان دەست پێ دەکاتەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگه بالیسان


Apr 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای دۆڵی بالیسان لەسێڕیانی زینەتیر تاوەکو شکارتە-یەو درێژییەکەی ٢٣ کم-ە، بەھۆی وەرزی زستان و دواتریش نەبونی نەختینەو پێنەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا کارکردن تیایدا وەستابو.

رۆژی سێشەممەی رابردو 16/4/2024، بە سەرپەرشتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆبونەوەیەک لەدیوانی وەزارەت تایبەت بە پلان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پڕۆژەکە ئەنجامدراو وەزیری ئاوەدانکردنەوە لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکەی راسپارد بە دەستپێکردنەوەی کارکردن لە پڕۆژەکەدا، هەروەک جەختیشی کردەوە لەسەر هەوڵەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار و بەردەوام بون لەکارکردن تا تەواوبونی پڕۆژەکە.

پڕۆژەکە دەکەوێتە نێوان سەروچاوە-خەلیفان و ھەردو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و سۆران، کە جگەلەوەی ھەردو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات بەڕێگایەکی بازرگانی دادەنرێت و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە بە رێگای ھامڵتۆن و مەرزی حاجی ئۆمەران.