سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار دەکات

(0) / / عێراق / زایەڵە عێراق سەرۆک کۆمار لەتیف ڕەشید


Apr 28, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز گیلبێرت هۆنگبۆ سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار و وەفدی یاوەری، کە بەڕێز ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی-یش ئامادەبوو. 

لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28-4-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، پێشهاتەکانی ئێستا لەسەرئاستی ئابوری و وەبەرهێنان و کاری سەندیکایی تاووتوێ کرا و سەرۆك کۆمار پێویستی عێراقی بۆ شارەزایی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە بوارەکانی راهێنان و ئامادەکردنی کادری پسپۆڕ لە کەرتە جیاوازەکاندا رونکردەوە. 
هاوکات سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە پێویستی چالاککردنی میکانیزمی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان رێکخراوی کار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگا و دامەزراوەکانی حکومەت کرد بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەروەها سەندیکا و رێکخراوەکان لە عێراقدا.
سەرۆك کۆمار گرنگی بەرەوپێشبردنی هەوڵەکانی رونکردەوە بۆ نەهێشتنی هەژاری و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کرێکاران و کارکردن بۆ باشترکردنی رەوشی ژیانیان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان کەرتی تایبەت و کرێکاران و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان، بەشێوەیەك کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەدیبهێنێت.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بەدۆسییەی ئاوارەکان و پێویستی تێکەڵکردنیان بە بازاڕی کار و دابینکردنی دەرفەتی کاری گونجاو بۆیان لەپێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە لە زێدی خۆیاندا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، باس لە چالاکییەکانی کۆنفرانسی کاری عەرەبی لە 50یەمین خولی خۆیدا کرا، کە بەغدادی پایتەخت میوانداری دەکات و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بەشدارە تێیدا، لەوبارەیەشەوە سەرۆك کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربوانی کۆنفرانسەکە خواست تا بتوانن دەرفەتی کار دابینبکەن و رەوشی چینی کرێکاران باشتربکەن.
لای خۆیەوە بەڕێز گیلبێرت هۆنگبۆ ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ باشترکردنی بارودۆخی کار و دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پەرۆشیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەگەڵ عێراق، بەشێوەیەك کە خزمەت بە گەشەپێدانی بازاڕی کار بکات و پاڵپشتی لە کەرتی تایبەت بکات.