بۆچــــی هـــــــــــــــــــــــــەڵــــــــبــژاردن نــەکـــــــــرێت؟ / ئارێز عەبدوڵا

(0) / / وتار / ڕوانگە ئارێز عەبدوڵا کوردستان هـــــــــــــــــــــــــەڵــــــــبــژاردن


May 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - هەرچەندە دەیان کێشەی گەورە و هەڵواسراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی هەرێم لە پێناوی چارەسەرکردنیان چەند رۆژێک لە بەغدا نەماوەتەوە، کەچی لە پێناوی دواخستنی هەڵبژاردن ئەمجارە ژمارەی پێوانەیی لە مانەوە شکاند!


سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی دەستنیشان کردووە، بەڵام ئەنجام لە پێناوی سەرخستنی قسەی حزبەکەی سەری بەدەرگای هەموو ئەو هێزە عێراقیانەدا کرد، کە خۆیان پێیان وایە خێری کوردستانیان ناوێت و دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵن یان بێهێز و بچوک بکەنەوە.

دیارە گۆڕینی سیستەمی بەشداریکردنی تورکمان، ئەرمەن و کلد و ئاشورییەکان پاساوی سەرەکی پارتیە بۆ بەشدارینەکردن و رێگریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو. بێگومان خەمخۆری بۆ پێکهاتەکان ئەرکێکی پیرۆز و کارێکی تابڵێی باشە، بەڵام ئەگەر بەو شێوازە نەبێ کە پارتی دەیەوێ ئایا مافیان پێشێل دەکرێت و گورگ دەیانخوات؟

بێگومان نا، نا و دەکرێ بە چەندین شێوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت. نموونە:-

یەکەم: دەکرێت لایەنە سەرەکیەکانی کوردستان لەناو لستەکانی خۆیاندا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دروست بووە.

دووەم: دەکرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و لە یەکەم هەنگاوی پەرلەمانیش بە یاسا کێشەکە چارەسەر بکرێت و رێگای بەشداریکردنی ئەوانیش بدۆزرێتەوە. بەڵێ دەکرێت دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمان بە یاسا لە ماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردنێکی تایبەت بۆ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکرێت.

بە کورتی نە پێکهاتەکان پەکیان لەسەر بەشداری نەکردنی چەند کەسێک لە پەرلەمانی کوردستان دەکەوێت و نە رەوایە لە پێناوی بەشێک مافی تەواو گەلی کوردستان پێشێل بکرێت. 

ئێستا کەس نییە نەزانێت کە ئەو شێنە بۆ هەریسەیە، نەک بۆ حوسێن. لەبەر ئەوەی هەلومەرجەکان گۆڕاون و پتریش دەگۆڕێن، بێگومان کاریگەری لەمەودوای پارتی وەکو کاریگەری جاران نامێنێتەوە، بۆیە ئەو نایەوێت ئەو رۆژە بەچاوەکانی خۆی ببینێت.

ئاشکرایە کڕۆکی دیموکراسی هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنیش بە مەرجی سەرکەوتن و بردنەوە جگە لە شانۆگەرییەکی گاڵتەجاری هیچی تر نییە. ئەم هەڵبژاردنە سەنگی مەحەکە کە ئایا کێ زیاتر لە خەمی دواڕۆژی ئەم وڵاتەیە. هەر لایەنێک بەرژەوەندیی باڵای گەل لەبەرچاو بگرێت، دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردن بێ و بەپێچەوانەوە هەرلایەنێک رێگری لێبکات بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو ئۆباڵی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ.