شاندێکی گەشتوگوزاری کوردستان بەشدار دەبێت لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاری عەرەبی لە دوبەی

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە کوردستان دوبەی


May 05, 2024

قەبارەی فۆنت:
روانگه ـ شاندێکی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە یاوەری ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری کوردستان بەشداری دەکەن لە پێشانگای بازاڕی گەشتیاری عەرەبی (ATM) کە بڕیارە لە رۆژانی ٦ تا ٩ ی ئایار لە شاری دوبەی، وڵاتی ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی بەڕێوەبچێت.

ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"
پێشانگاکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری وڵاتان بەڕێوەدەچێت و بە یەکێک لە پێشانگا هەر گرنگەکانی جیهان لە بواری گەشتیاری ئەژمار دەکرێت. هاوکات بۆ یەکەمین جاریشە زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای گەشتیاری و فرۆکەوانی هەرێمی کوردستان هاوشانی شاندی گەشتوگوزار لە ستاندی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.

وتیشی:" ئامانج لە بەشداریکردن بریتیە لە ناساندن و بەبازاڕکردن بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی بەشداربووانی پێشانگا بە سرووشت و تەنهایی و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بنیادنانی شارستانیەت و درووستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان و وڵاتانی بەشداربوو بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران.

شاندی گەشتوگوزاری کوردستان پێک دێت لە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، بەڕيوەبەری گشتی پرۆژەکان و بەڕێوەبەری داهات لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری کاروباری کارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر، سەرجەم بەڕێوەبەرانی راگەیاندن و بەبازارکردن لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی بەبازارکردن لە دەستەی گەشتوگوزار، هەروەها زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای گەشتیاری و فرۆکەوانی هەرێمی کوردستان.

ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد:"
بۆیە ATM دوبەیان هەڵبژاردووە، چونکە.
* بەوپێیەی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە بە حکومەت و کەرتی تایبەتەوە بەشدارن لە ATM، بۆیە بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی زێڕین دەرەخسێت تا بتوانێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە و هەرێمی کوردستان وەک روگەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکێشی گەشتیاری بخاتە سەر نەخشەی گەشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بچێتە کێبڕکێی وڵاتانی ناوچەکە، هەروەهابەشداریکردن لە بازاڕی گەشتیاری عەرەبی (ATM) دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بێت لەبەر چەند هۆکارێک:
1. نمایشکردن: ATM سەکۆیەک بۆ هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی شوێنە گەشتیاری٬ مێژووی٬ كولتووری و شوینەوارییەكانی خۆی نمایشبکات بۆ بەشداربووان و سەردانیکەرانی پێشانگا٬ كە یارمەتیدەرێكی بەهێز دەبێت بۆ ئاشنا كردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گەشتیارانی ناوچەكە بە كوردستان.
2. درووستکردنی پەیوەندی: ATM دەرفەتی درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پێشەنگەکانی پیشەسازی گەشتیاری، كۆمپانیا و دەزگاکانی گەشتیاری، و وەبەرهێنەرانی ناوچەكە دەڕەخسێنێت، کە دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.
3. دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بە بەشداریکردن لە ATM، هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەستی بگات بە بازاڕی گەشتیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ئێستادا چاوی دەزگاكانی گەشتیاری وڵاتانی دنیای لەسەرە، بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئارەزووی گەڕان بەدوای شوێنە نوێیەکان دەکەن.
4. پەرەپێدانی بازرگانی: بەشداریکردن لە ATM دەتوانێت ئاسانکاری بۆ دەستپێشخەرییەکانی پەرەپێدانی بازرگانی بکات وەک دەستەبەرکردنی هاوبەشی لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان، زنجیرە هۆتێلەکان، و دامەزراوەكانی گەشتیاری، هەروەها پێشخستنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕونیشی کردەوە:" ئەم جۆرە پێشانگایانە دەرفەتی زێڕین بۆ گەشتوگوزاری کوردستان دەڕەخسێنن تاوەکو لەنزیکەوە بتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکان و دامەزراوە گەشتیارییەکانی وڵاتی دیکە بکەوینە گفتوگۆ و بتوانین هەمو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەنەهێڵین کە ڕێگرن لە هێنانی گەشتیار.

ئیبراهیم عەبدول مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد:" لەمینەی بەشداریکردن لەوپێشەنگایە ژمارەیەک ڕێکەوتن و یاداشتنامەی لێتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی بەشداربوو ئیمزادەکرێت.