ئێران دەتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان، هەولێر و بەغداد
(0) /
ڕوانگە - سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە تاران لێی کرا، بووەتە باسێکی گەرمی نێو میدییاکان و زۆرێک لە میدییا نێوخۆی و ئیقلیمیەکان قسەی لەبارەوە دەکەن و بەگرنگەوە لەم سەردانە دەڕوانن.
"دەزگایی میدیایی ڕوانگە" هەر لەیەکەم هەنگاوی ئەم سەردانەوە بەگرنگییەوە کاری لەسەر کردووە و ئێستاش بۆ زیاتر تێگەیشتن و قسەکردن لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیەکی لەگەڵ "کاروان کەلاری"، ڕوژنامەنوس، ئەنجامداوە و ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو گفتوگۆیەیە.
*سەرنجی ئێوە لەسەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ تاران، چییە؟
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای سەردانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە سەردانێکی دورودرێژ و بەرهەمداربوو و تیایدا بەشێکی زۆر لە بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکای بینی، دواتریش سەردانی نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا و کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و کۆبونەوەی تایبەت لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان. بێگومان ئێران کاریگەری بەسەر كۆی كایەكانەوە هەیە لە عێراق، هەرێمی کوردستانیش کۆمەڵێک كێشەی لەگەڵ عێراقدا هەیە لەنێویشیاندا بودجە و مووچە، بەندە لەم سۆنگەیەوە پێموایە، ئێران دەتوانێت ڕۆڵی باش بگێڕێت لە چارەسەرکردنی بەشێكی زۆری ئەو کێشانە، بەتایبەت لابردنی بەربەستەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەتایبەتی تریش پشکی هەرێم لەناو پرۆژەیاسای بودجە، بەدەر لەمەش پەیوەندییەکی دێرین لەنێوان هەولێر و تاراندا هەیە و سنورێکی هاوبەشی دورودرێژیش لەنێوان هەردولادا هەیە، واتا هەردوولا مەحکومین بەوەی کە هەمیشە پەیوەندییەکی باشمان پێكەوە هەبێت، لەڕابردووش خواستی ئێمە ئەوەبووە کە پەیوەندی باشمان هەبێت و ئەمە بۆ داهاتووش بەپێویست دەزانین، ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش هەر لەو چوارچێوەدایە، جگە لەوەش کۆمەڵێک گروپ لە عێراقدا هەن کە چەندینجار هەولێر و ناوچەکانی دیکەیان كردووەتە ئامانج، ئەم گروپانەش نزیکن لە ئێرانەوە و دەمانەوێت ئەو وڵاتە هاوکاربێت بۆ ئەوەی ئەم شەڕە لەماڵی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دوربخرێتەوە.
*پێتان وایە تەوەرکی سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی تاران، تەنها بۆ دۆزینەوەی میکانزمێکە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەردولا و هەروەها باسکردنی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیەکانی نێوان هەولێر و تاران، یاخود لە پشت ئەم باسانەوە پرسی گرنگتر هەبوون بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەباوە کرابێت؟
بێگومان لەڕووی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری و ئەمنی و سەربازیشەوە، گرنگە هەرێم پەیوەندییەکی هاوسەنگ و باشی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە، گەر لە پەراوێزی کۆبونەوە فەرمییەکانیش بێت، یاخود لە پەراوێزی تەوەرەكانی ئەجێندای سەردانەكەشی بێت، سەرۆكی هەرێم و بەرپرسانی ئێران گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان دەبێت.
*هەرێم ڕژ لەدوای ڕۆژ نزیک دەبێتەوە لە وادەی هەڵبژردن، پارتی دیموکراتی کوردستان نایەوێت بەشداری ئەم هەڵبژاردنەبکات، پێتان وانییە، ئەم سەردانەی نێچیرەڤان بارزانی ببێتە هۆکارێک بۆ دواخستنی پرسی هەڵبژاردن تائەوکاتەی کە پارتی بڕیاری بەشداری کردن دەدات؟
ئەوەی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان وتوویەتی، بەشداری هەڵبژاردن ناکەم بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو خاڵ و سەرنجانەی کە هەمە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە پارتی لە هیچ دۆزێكدا ناچێتە ژێرباری سیاسەت و ئەجێندای سەپێنراوەوە، بۆیە پێی وایە ئەو یاسایەی كە گۆڕانكاری تێدا كراوە ئەو کۆمیسۆنەی کە بڕیاری دەرکردووە و دادگای بەناو فیدراڵیی، ئەمانە و كۆمەڵێك پرسی تر زنجیرەیەك بڕیاری بەدوادا هاتووە، کە لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستانی لە جەوهەردا هەڵگرتووە و زیادەڕۆییکردنە سەر دەسەڵاتەکانی دیکەشە، سەرەڕای ئەوانەش، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پەیوەستە بە خودت هەرێمی كوردستان و هەرێمی كوردستانیش ئەنجومەنی دادوەری هەیە، بەچی یاسایەك دادگایەك لە بەغدا بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدات؟! بۆیە گەر تێبینییەكانی پارتی بە هەند وەرنەگیرێت، بەشداری هەڵبژاردن ناكات، پارتی دوو ساڵە داوای هەڵبژاردن دەكات، یەكێتی ڕێگربوو، ئێستا لەبەرئەوەی پرۆسەكە بەدڵ و بەرژەوەندی ئەوان ڕێكخراوە، داوای هەڵبژاردن دەكات!
بەندە تەسەور ناكەم سەرۆكی هەرێم بابەتی هەڵبژاردنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا باس كردبێت، بەڵام بێگومان ئێران لەسەر ئەم پرسەش دەتوانێت ڕۆڵی باش بگێڕێت و فاكتەری خێربێت.
*ڕەنگە خەڵکانێک هەبن پێیان وابێت سەردانەکەی ئەردۆگان، بۆ هەولێر، پاڵنەرێکی بەهێزبووە بۆئەوەی کە تاران، بەپەلە پێشوازی لە نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بکات، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
هەمووان دەزانن ئەو میلیشیا چەكدارانەی کە لە عێراقدا هەن و بەردەوام هەولێر دەكەنە ئامانج، لە سنوری دەشتی نەینەواش بوونیان هەیە، تورکیاش لەوێ بنکەی سەربازی هەیە و لەڕابردووشدا لەوێوە كراوەتە ئامانج، بەڵام لە سەردانەكەی ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیادا بۆ عێراق، چەندین لێكتێگەیشتن و ڕێکكەوتن لەنێوان عێراق و توركیادا هاتۆتە كایەوە، بەتایبەت لەڕووی ئەمنییەوە، هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە دەكات، بۆیە ئەم بابەتانە هەمووی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بەدەر لەوەش کۆمەڵێك ڕووداو هەن، هەم خۆیان، هەم دەرئەنجامەکانیقن هاوبەشە و پێویستە بە هاوبەشیش مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، دواتریش ئەردۆغان، لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەسەر کۆمەڵێك پرس گفتوگۆ کرا، ئێستاش کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تارانە، هەموان دەزانین ئەجێندای سەردانەكەی چییە و بۆ هەمووان خراوەتەڕوو.
تێبينيێك بنێرە: