ڕودانی جەنگ و ململانێیەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان
(0) /
ڕوانگە ـ ئەمڕۆ سێشەممە، 7 ی ئایاری 2024 زانکۆی ڕاپەڕین، بە ناونیشانی "جەنگ و قەیرانە هەرێمایەتییەکان و کاریگەرییان لەسەر ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان"
سیمینارێکی هاوبەشێکی بۆ ژمارەیەک مامۆستا لە هەردوو بەشی جوگرافیا و یاسا، ڕێکخست و ناوەڕۆکی سیمینارەکان قسەکردن بوو لەسەر پرسی قەیرانە هەرێمایەتیەکان کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستانە هەیە.
دکتۆر شاسوار محمد محمود، مامۆستا لە بەشی جوگرافیای زانکۆی ڕاپەڕین، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" هەڵبژاردنی بابەتێکی لەم جۆرە لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکە لە کۆنەوە تائێستا ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ و جەنگەکان بووە، بۆیە ڕودانی ئەم جەنگانەش کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
وتیشی:" بۆیە هەردوو بەشی جوگرافیا و یاسا، ئەم بابەتەمان هەڵبژاردووە، چونکە بابەتەکە فرەڕەهەندە، واتا هەم ڕەهەندی جوگرافی هەیە هەمیش ڕەهەندی یاسایی هەیە و دەشزانین کە شوێنی جوگرافی کاریگەری هەیە لەسەر ڕوودانی جەنگ و ململانێیەکان و وە بونی دەرامەتە سروشتییەکان.
دکتۆر شاسوار، باسی لەوەشکرد:" هەڵکەوتەی شوێن لەنێوان وڵاتە زلهێزەکاندا کاردەکاتە سەرئەوەی کە جەنگ و ململانێیەکان سەرهەڵبدەن و وەکاتێک ئەم جەنگانەش سەرهەڵدەدەن دووبارە پێکهاتە جوگرافیا سروشتی و مرۆیەکەشی گۆڕانکاری بەسەردادێت
مامۆستاکەی بەشی جوگرافیا، ئەوەشی خستەڕوو:" کە ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار و پانێڵ یەکێکە لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی زانکۆ، چونکە بەشێکی وەک جوگرافیا لقێکی سەرەکی هەیە بە ناوی جوگرافیای سیاسی، کە ئەوەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە دەوڵەت و بنەماکانی هێز و تێورەسیاسیەکانەوە، بۆیە جوگرافیای سیاسی دەتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێ لە دیاریکردنی پێگەی وڵاتەکە و هەروەها خستنەڕوی چۆنێتی کاریگەری دراوسێیەکانی لەسەر وڵاتەکە و هەروەها ئێمە بتوانین چۆن مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێماندا بکەین.
دکتۆر شاسوار محمد محمود، مامۆستا لە بەشی جوگرافیای زانکۆی ڕاپەڕین، ڕونیشی کردەوە:" هەمان شتیش بۆ بەشی یاسا دروستە، چونکە هەموو وڵاتان خاوەن دەستور و سەروەرین و پەیوەندی دراوسێیەتی بە یاسا ڕێکدەخرێت بۆیە ئەمە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی زانکۆ و دەتوانێ ڕۆڵێکی باش بگێڕێت لە چۆنێتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەم پرسانەدا.
تێبينيێك بنێرە: