بۆجارێکی دیکە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بوو

(0) / / كوردستان / ڕوانگه دەربەندیخان باران ئاو


May 08, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - دوای هەشت ساڵ بۆ جارێکی دیکە بەنداوی دەربەندیخان، سەرڕێژی کرد و بەڕێوەبەری بەنداوەکەش ڕایدەگەیەنێت:"  بەنداوەکە هەموو ئەو مەترسی و زیانانەی تێپەڕاندووە کە ساڵی 2017 بەهۆی بومەلەرزەوە بەری کەوتبوو.

سامان ئیسماعیل محمد، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" دوای هەشت ساڵ واتە لە دوای ساڵی 2016 ەوە خۆشبەختانە  ئەمڕۆ چوارشەممە 8 ئایاری 2024، بۆ جارێکی دیکە بەنداوەکە سەرڕێژبووە واتا ئێستا بەنداوەکە
3 ملیار مەتر سێجا، ئاوی تێدایە.

وتیشی:" بەنداوی دەربەندیخان، پێشوتریش لەساڵی 2019 پڕبووە،  بەڵام پڕبونی بەنداوەکە واتا کۆبونەوەی ئاو تاوەکو ئاستی دەرگاکان، بەڵام سەرڕێژ بون واتا ئێستا ئاو بەسەر دەرگاکانی بەنداوەکەدا دەڕوات

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ئەوەشی خستەڕوو:"  بەنداوەکە هەموو ئەو مەترسی و زیانانەی تێپەڕاندووە کە ساڵی 2017 بەهۆی بومەلەرزەوە بەری کەوتبوو، ئەم سەڕێژبونەی ئەمڕۆش مانای ئەوەیە کە بەنداوەکە سەلامەتە و لە پێشوتریشدا هەموو هەوڵێک دراوە بۆئەوەی کە چارەسەری زیانەکانی بکرێت.

سامان ئیسماعیل محمد، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، باسی لەوەشکرد:"  بەنداو، پرۆژەیەکە دەبێت بەبەردەوامی پشکنینی بۆبکرێت و چاودێری وردی لەسەربێت و خۆشبەختانە تائێستا هیچ مەترسییەکی لەسەرنییە.