سەرۆك کۆمار جەختدەکاتەوە لە رێبازی نەگۆڕی عێراق بۆ پاراستن و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان مافەکانی مرۆڤ


May 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازی لە ئەمینداری گشتی تۆڕی عەرەبی بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤ، جەختدەکاتەوە لە رێبازی نەگۆڕی عێراق بۆ پاراستن و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ.

سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، رێبازی نەگۆڕی عێراق بۆ پاراستن و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ بە یەکسانی بۆ هەموو هاووڵاتیان دوپاتدەکاتەوە، بەشێوەیەك کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەدیبهێنرێت. ئاماژەی کرد بە پەرۆشی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ماف و  ئازادییەکانیش لە وڵاتدا.
سەرۆك کۆمار ئەمڕۆ دووشەممە 13-5-2024 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە بەڕێز سوڵتان بن حەسەن ئەلجەمالی ئەمینداری گشتی تۆڕی عەرەبی بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤ و وەفدی یاوەری.

لە سەرەتای دیدارەکەدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا، کە سەرۆکایەتی کۆمار گرنگییەکی تایبەت بە بارودۆخی دەستگیرکراوان و راگیراوان دەدات و بە پەرۆشە بۆ باشترکردنی رەوشی زیندانەکانی عێراق، هەروەك ئاماژەی کرد بۆئەوەی کە سەرۆکایەتی کۆمار لیژنەیەکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوان و راگیراوان، بەوهۆیەشەوە هەزاران لەوانە ئازادکراون، کە ماوەی سزاکانیان تەواو بوە.

سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی ئاڵوگۆڕی ئەزمونەکان و هاریکاری نێوان تۆڕی عەرەبی بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤ و کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق و پەیوەندیکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، بەشێوەیەك کە هۆشیاری و پەروەردە لەبارەی مافەکانی مرۆڤ پەرەپێبدات و راهێنان لەسەر وەرگرتن و بەدواداچون بۆ سکاڵاکان بکرێت و سەردان بۆ شوێنەکانی دەستبەسەرکردن ئەنجامبدرێت لەپێناو چاودێریکردن و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان و کارلێککردن لەگەڵ میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ.

هەروەها سەرۆك کۆمار پێشوازیی لە میوانداریکردنی کۆنفرانسی ساڵانەی تۆڕەکە لە بەغداد کرد، کە وابڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتودا بەڕێوەبچێت، جەختی لە پاڵپشتیی سەرۆکایەتی کۆماریش بۆ  سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە کردەوە لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و بڕیارەکانی، کە خزمەت بە پرسە مرۆییەکان دەکەن.

لای خۆیەوە بەڕێز سوڵتان بن حەسەن ئەلجەمالی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکە و ئاگاداربون لە کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لە عێراقدا کاردەکەن، هیوای خۆی دەربڕی بۆ فراوانکردنی هاریکاری هاوبەش، هەروەها کارەکانی تۆڕی عەرەبی بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤی بۆ بەڕێز سەرۆك کۆمار، خستەڕو.