سلێمانی؛ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نەخۆشی شێرپەنجە بەرەو زیادبون دەچێت

(0) / / ڕاپۆرت / روانگه کوردستان


May 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

روانگه _ تادێت ژمارەی توشبوان بەنەخۆشی شێرپەنجە  لە پارێزگای سلێمانی زیاد دەکات و بەرپرسی هۆبەی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت:" بەبێ بونی پرۆگرامێکی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربونەوە و کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە ڕۆژبەڕۆژ ئەم دۆخە بەرە و خراپتر دەچێت.

دکتۆر محمد عەبدلوەهاب حەسەن، بەرپرسی هۆبەی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی، لە ماوەی 10 ساڵی پێشودا لە 1000 توشبوو لە ماوەیەی ساڵێکدا زیادی کردووە بۆ نزیکەی 3000 توشبوو، لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش لە نزیکەی 160 حاڵەتەوە زیادی کردووە بۆ زیاتر لە 400 حاڵەت.

وتیشی:" ئەمە تەنها داتای ئەو کەسانەن کە لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا تۆمارکراون واتا تەنها ژمارەی ئەوکەسانەیە کە سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانیان کردووە، لە کاتێکدا توشبووی دیکەش هەن لەوانەیە سەردانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و دەرەوەی عێراقیان کردبێت و لە هەمانکاتدا توشبوی دیکەش هەیە کە نەک سەردانی هیچ نەخۆشخانەیەکی نەکردووە، بەڵکو هەرنایەوێت هیچ جۆرە چارەسەرێک وەربگرێت بۆیەداتای ئەوانەش ناگاتە دەستی ئێمە کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەوانەش تۆماربکرێن ئەوا ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر کە خستومانەتەڕوو .

بەرپرسی هۆبەی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی
ڕونیشی کردووە:" زیادبونی ژمارەی  توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە وایکردووە کە بڵێین، لە ئێستادا نەخۆشخانەی هیوا، کە نەخۆشانەیەکی کەرتی گشتییەو چارەسەری شێرپەنجەی تێدادەکرێت، بەهیچ جۆرێک گونجاونییە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆشی شێرپەنجە کە ساڵانە لەپارێزگای سلێمانی تۆمار دەکرێن.

لەبارەی دابینکردنی چارەسەرەکان بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، دکتۆر محمد، باسی لەوەکرد:" سەرەڕای ئەو ژمارەزۆرەی توشبووان بەنەخۆشیەکە کەچی لە هیچ کاتێکدا  نەگەیشتووین بەو ئاستەی کە بڵێین، لە سەدا سەدی چارەسەرکان دابین دەکرێت، بەڵکو 75%  چارەسەرە سەرەکییەکان لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی فیدراڵی و خێرخوازان دابینکراوە.

دکتۆر محمد عەبدلوەهاب حەسەن، بەرپرسی هۆبەی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی، ڕونیشی کردەوە:" ئەگەرچی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێمان دەڵێت:  30% بۆ 50% ئەم نەخۆشییە دەتوانرێت ڕێگرێ لێبکرێت، بەڵام بەبێ بونی پرۆگرامێکی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربونەوە و کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە ڕۆژبەڕۆژ ئەم دۆخە بەرە و خراپتر دەچێت، بەڵام بەداخەوە نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە عێراقیشدا هیچ هەنگاوێکی لەوجۆرە نەنراوە و ئەوەی زیاتر جەختی لێدەکرێتەوە تەنها دابینکردنی دەرمانە نەک گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی.

لای خۆشیەوە دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە، لە بارەی هۆکارەکانی زیادبون و بڵاوبونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ڕوانگە، ووتی:"  پیسبونی ژینگە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان و بووە بە گرفێکی گەورە نەک تەنها لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش گرفتێکی گەورەیە، بەڵام لە عێراقدا وەکو پێویست کاری لەسەر نەکراوە.لەکاتێکدا گرفتەژینگەیەکان لە عێراقدا زۆر  سەرەتاین و دەتوانرێت چارەسەربکرێن.

دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، ڕونیشی کردەوە:" لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 2  ملیۆن و 350 هەزار ئۆتۆمبێل بونی هەیە لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمترە لە 5 ملیۆن، هەروەها  زیاتر لە 7 هەزار مۆلیدە بونی هەیە کە ئەمانە هەمویان گازی گەرمکەرەوە و گازی ژەهراوی وئەوگازانەی کە هۆکارن بۆ توشبون بەنەخۆشی شێرپەنجە، فڕێدەدەنە هەواوە، لەگەڵ ئەوەشدا سنورەکانی هەرێمی کوردستان، کراوەن و هیچ سانسۆرێک نییە بۆ ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی ماددەی بەسەرچوو هەروەها هەماددەکیمیاویەکان و ماددە پلاستیکیەکان کە کوالێتیان زۆر خراپە، کە ئەمەش وادەکات ژمارەی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیادبکات.

باسی لەوەشکرد:"سەرەڕای مەترسی لە زیادبونی نەخۆشیەکە، کەچی هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لەنەخۆشییەکە تەنها لە چوارچێوەی سیمینار و ئامۆژگاری دەرنەچووە و حکومەت زۆر گرنگی بەو پرسە نەداوە و هیچی هەوڵێکی جدیش نییە بۆ چارەسەرکردنی.

لە بارەی هۆشیاری خەڵکیشەوە لای خۆشیەوە دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە، ڕونیکردەوە:" ئێمە زۆرجار هۆشیاری دەدەین بەخەڵک لەبارەی ئەو کەرستەو کەلوپەلانەی کە لە ماڵەکاندا زەکاردەهێنرێن و مەترسین بۆ توشون بە نەخۆشی شێرپەنجە، دەبینین بەلای زۆرینەوە بابەتێکی نوێیە و هیچ زانیارییەکی سەرەتایشیان نییە لەسەر ئەو بابەتانە کەئەمە بابەتێکی مەترسیدارە و دەبێت هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە خەڵک هۆشیاربکرێتەوە.