پێوستمان بە هۆشیارییە، نەک کۆمەک / سەردەست محەمەد

(0) / / وتار / ڕوانگە سەردەشت محەمەد


May 30, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی خراونەتە ڕوو تەنها لە ماوەی 10 ساڵدا ڕێژەی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە، لە پارێزگای سلێمانی، لە 1000 کەس لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە بۆ 3000 هەزار توشبوو.
ئەمە تەنها ئامار و داتای ئەو کەسانەن کە لە نەخۆشخانەکانی سلێمانیدا تۆمارکراون، ڕەنگە زیادەڕۆی نەکەین ئەگەر بڵێین نزیکەی  ئەو ژمارەیەش ڕویان لە شوێنانی دیکە کردووە بۆ چارەسەر و نایان تۆمار نەکراوە.

ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و ئەگەر  لە هەر وڵاتێکی دنیادا، لەو وڵاتانەی کە قەدر و بەهای مرۆڤ لە پێش هەمو پلە و پۆست و بەرپرسیاریەتییەکەوەیە  ئامارێکی لەم جۆرە بخرایەتە ڕوو، ئەوا گۆڕانکاری گەورە لە لە هەیکەلی حکومڕانی ئەو ڵاتەدا و بەتایبەت لە کەرتی تەندروستییەکەیدا دەکرا، کەچی لای ئێمە نەک کەس خۆی لەپرسێکی وەها تێناگەیەنێت، بەڵکو دەسەڵاتی سنورەکە لەبری گۆڕانکاری لە هەیکەلی ئیدارەی شار و هەرێمەکەدا دێت گۆڕانکاری لە ژینگەو سروشتی شاردا دەکات و لەبری زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و  دەستخستنەسەر هۆکارەکانی پیسبونی ژینگە و  دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان دێت هەرچی ژینگەی سرشتی هەیە دەداتە بەر نوکی شۆفڵ و دەیکات بە ئاپارتمان و باڵەخانەی دەیان نهۆمی.

شار پڕدەکەن لە ژەهر و گەروی مرۆڤەکان پڕدەکەن لە گازی ژەهراوی تا ئەو ئەندازەیەی کە توشی نەخۆشی شێرپەنجەیان دەکەن و دواتریش لەڕێگەی دانانی سندوقی خێرخوازییەوە کۆمەک بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە کۆدەکەنەوە.

ئامار و داکان پێماندەڵێت داهاتومان ئەوەندە سەخت و پڕمەترسییە کە مرۆڤ ناوێرێت لە ئێستاشەوە بیری لێبکاتەوە، بۆ ڕێگریکردن لەم مەترسییە تاکە چارەسەر تەنها هۆشیاربونەوەمانە، هۆشیارییەک کەڕێگربێت لەوەی نەێڵێت هیچ کەس و لایەن و گروپێکی بەرژەوەندی خواز نەک نە  ژینگەی شار و وڵاتێک  بۆ بەرژەوەندی خۆی تەختبکات، بەڵکو شەرم بکات دەست ببات بۆ بڕینەوەی دارێک.