گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان ئەنجومەنی وەزیران هەناردەکردنی نەوت


Jun 05, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، کۆبونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زوتر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەردانی بەغدا بکەن. سەرۆك وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت، پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە "كارە لە پێشینەكان"ی كابینەی نۆیەمە.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، لە دەستپێکدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە کرد کە ئەمڕۆیەو ئاماژەی بەوە دا کە "پێویستە هەمو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەمو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتوری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دوەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2025-2021) لەلایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە."

لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی  ئاماژەی دا بە "کارنامەی کابینەی حکومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەیە نۆیەمە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگیی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت."

بڕگەی دوەمی كۆبوەكە تایبەت بوە بە دوا هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕو بە ئاراستەی سودوەرگرتن لە گەنمی جوتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵیی گونجاو و هەروەها ڕێکاریی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بەپێی ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبون.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕگەیەكی دیكەی كۆبونەوەكە تایبەت بوە بە دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لەم ڕوەوە، کۆبونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زوتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەمو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنیەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش گەیشتوە."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لە کۆبونەوەدا ڕێنوێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شاندی دانوستانکار دوپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بو بۆ هەرچی زوتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیرو هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

لە دەستپێکی کۆبوەنەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە کرد کە ئەمڕۆیە و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەمو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەمو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتوری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ .

سەرۆک وەزیران جەختی لە پابەندبونی حکومەتی هەرێم بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و گوتی پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەمومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سودی لێ وەربگرن ، چونکە ئەم سروشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتوشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەمو لایەکمانە.

 

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دوەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ ( 2025-2021 ) لەلایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە داتا و زانیاریی وردەوە ، ئاماژە بە ڕێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن ویاسادانان ودادوەری کرا.

هەروەها زانیاری پێویست لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خرایەڕو.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە نوسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە، ئاماژەی دا بە کارنامەی کابینەی حکومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەیە نۆیەمە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگیی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت.

لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم.

لە بڕگەی دوەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە خستەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەروەها کۆبونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی ئابوری فیدڕاڵ بەرز نرخاند. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕو بە ئاراستەی سودوەرگرتن لە گەنمی جوتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵیی گونجاو و هەروەها ڕێکاریی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بەپێی ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبون.

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرا.

سەرۆک وەزیران و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم ڕوەوە، کۆبونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زوتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەمو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنیەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش گەیشتوە.

لە کۆبونەوەدا ڕێنوێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شاندی دانوستانکار دوپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بو بۆ هەرچی زوتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیرو هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی ، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن.