ئەدهەم بارزانی: دو ساڵە بە بڕیاری سەرۆكی پارتی رێگریم لێكراوە بگەڕێمەوە زێدی خۆم
(0) /
ڕوانگە - ئەدهەم بارزانی رایگەیاند، ماوەی دو ساڵە بە فەرمانی سەرۆكی پارتی، رێگەی نەدراوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی ئەوەش لەسەر جیاوازی بیروڕاكانی لەبارەی دەستگیركراوانی بادینان و لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم. دەشڵێت، لەبەرامبەر ئەم سوكایەتی و یاساشكێنییەی بەرامبەرم كراوە بێدەنگ نابم و پەنادەبەمە بەر ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دادگای فیدراڵی بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم.
ئەدهەم بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نامەیەكی كراوەدا كە ئاڕاستەی رایگشتی عێراق و كوردستان، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان، كونسوڵخانەو باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان و عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقی كردوە، وتویەتی"لەڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، لە 5/6/2022، دو ساڵ پێش ئێستا بەفەرمانێکى خودى سەرۆکى پارتى، بەپێچەوانەی یاساكانی كوردستان و دەستوری عێراق، لەڕێگەی هێزەوە ڕێگەیان نەدا بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم و ناو ماڵ و مناڵەكانم، ئەم بڕیارە نادەستوری و نادادپەروەرییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە كە سبەینێ دەچێتە سێیەم ساڵەوە."
وتوشیەتی"ئاشكرایە ئەم گوشارە بۆ وەدەرنانم لەزێدی خۆم پێچەوانەى دەستورى هەمیشەیى عێراق و زەوتكردنی مافى هاوڵاتیبونە بەبێ بونی هیچ پاساوێكی ڕاگەیەندراوی دیاریكراو، خۆ گەر دەوترێت ئەم یاساشكێنییە هۆکارى ئەوە بو كە چەند هەڵوێستێكی جیاوازم لە وان نیشانداوە، ئەوە وەك هەر هاوڵاتییەكی ئەم وڵاتە بە مافی خۆمی دەزانم كە جیاواز بیربكەمەوە كە ئەمە یاساشكێنی نییە، نەك بەم شێوەیەی ئێستا وەك ئاكاری تاكڕەوی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەكدا بكرێت بەبیانوی بیركردنەوەی جیاوازەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"هەڵویستی من دەربارەی گیراوەكانی بادینان و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناوخاكی هەرێم و بەرگری لە مافە ڕەوا مێژوییەكانی خۆمان كە زەوت و پێشێل و چەواشەكراون، بو."
جەختیشی كردۆتەوە كە "ناكرێت و ناگونجێت لەگەڵ یاسا بەركارەكانی ئێستای عێراق و هەرێمیش لایەنێكی سیاسی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای جیاواز بكات و حەق بەخۆی بدات سەرتاپای خانەوادەیەك لێك دوربخاتەوەو دەربەردەربكات."
وتوشیەتی"من دادی خۆم دەخەمە بەردەم ئێوەی بەڕێز، تا لەڕێگەی خۆتانەوە لێكۆڵێنەوە لەم بابەتە بكەن، چونكە وەك هاوڵاتیی ئەم وڵاتە بەنیازین رۆڵی سیاسی خۆمان ببینین و پاش ڕاوێژ لەگەڵ ھەڤاڵان و ھەواداران لە هەڵبژاردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان رۆڵمان هەبێت و دەمەوێت لەئێستاوە لەو پرسە ئاگادارتان بكەمەوە نەبا بەو بەهانە بێ بنەمایانەوە بیانەوێت ئەو مافەشم لێ زەوت بكەن."
هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە "لەبەرامبەر ئەم سوكایەتی و یاساشكێنییەی بەرامبەرم كراوە بێدەنگ نابم و ڕو دەكەمە دادگاو داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی قەزایی باڵاو دادگای فیدڕاڵی لە عێراق دەكەم بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم."
دەقی نامەكەی ئەدهەم بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
( وَالَّذِينَ هَاجَرُوا فِي اللَّهِ مِنْ بَعْدِ مَا ظُلِمُوا لَنُبَوِّئَنَّهُمْ فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً )
نامەیەكی كراوە بۆ:
- رایگشتی عێراق و كوردستان
- نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان
- قونسوڵیەت و سەفارەت و نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەرێمی كوردستان و عێراق
- دەزگایی باڵای قەزایی عێراق
بەڕێزان:
لەڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ دا، لە 5/6/2022، دو ساڵ پێش ئێستا بەفەرمانێکى خودى سەرۆکى پارتى، بەپێچەوانەی یاساكانی كوردستان و دەستوری عێراق، لەڕێگەی هێزەوە ڕێگەیان نەدا بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم و ناو ماڵ و مناڵەكانم، ئەم بڕیارە نادەستوری و نادادپەروەرییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە كە سبەینێ دەچێتە سێیەم ساڵەوە.
ئاشكرایە ئەم گوشارە بۆ وەدەرنانم لەزێدی خۆم پێچەوانەى دەستورى هەمیشەیى عێراق و زەوتكردنی مافى هاوڵاتیبونە بەبێ بونی هیچ پاساوێكی ڕاگەیەندراوی دیاریكراو، خۆ گەر دەوترێت ئەم یاساشكێنییە هۆکارى ئەوە بو كە چەند هەڵوێستێكی جیاوازم لە وان نیشانداوە، ئەوە وەك هەر هاوڵاتییەكی ئەم وڵاتە بە مافی خۆمی دەزانم كە جیاواز بیربكەمەوە كە ئەمە یاساشكێنی نییە، نەك بەم شێوەیەی ئێستا وەك ئاكاری تاكڕەوی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەكدا بكرێت بەبیانوی بیركردنەوەی جیاوازەوە.
هەڵویستی من دەربارەی گیراوەكانی بادینان و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناوخاكی هەرێم و بەرگری لە مافە ڕەوا مێژوییەكانی خۆمان كە زەوت و پێشێل و چەواشەكراون، بو.
هاوكات ئەمانە هەڵوێستی هەزاران هاوڵاتی تری ئەم نیشتمانەیە، ناكرێت و ناگونجێت لەگەڵ یاسا بەركارەكانی ئێستای عێراق و هەرێمیش لایەنێكی سیاسی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای جیاواز بكات و حەق بەخۆی بدات سەرتاپای خانەوادەیەك لێك دوربخاتەوەو دەربەردەر بكات..!
بەرێزان:
من دادی خۆم دەخەمە بەردەم ئێوەی بەڕێز، تا لەڕێگەی خۆتانەوە لێكۆلێنەوە لەم بابەتە بكەن، چونكە وەك هاوڵاتیی ئەم وڵاتە بەنیازین رۆڵی سیاسی خۆمان ببینین و پاش ڕاوێژ لەگەڵ ھەڤاڵان و ھەواداران لە هەڵبژاردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان رۆڵمان هەبێت و دەمەوێت لەئێستاوە لەو پرسە ئاگادارتان بكەمەوە نەبا بەو بەهانە بێ بنەمایانەوە بیانەوێت ئەو مافەشم لێ زەوت بكەن، هەروەها بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر ئەم سوكایەتی و یاساشكێنییەی بەرامبەرم كراوە بێدەنگ نابم و ڕو دەكەمە دادگاو داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی قەزایی باڵا و دادگای فیدڕاڵی لە عێراق دەكەم بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم و داوا لە ھەمو ئێوەی بەڕێز و ھاوڵاتیانی كوردستان و لایەن و میدیاكاران و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و دەرەوەیەكان و قەڵەم بەدەستان دەكەم كە رێگربن و دەنگتان بەرزبكەنەوە بەرامبەر ئەم جۆرە حوكمڕانییە ڕەھا و بێ چاودێرییە كە سبەینێ ئەم ئاگرە بەردەبێتە دامەنی ھەر تاكەكی وڵاتەكەمان.
براتان
ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی
5/6/2024
تێبينيێك بنێرە: