پارتی، بەبێ بەدەستهێنانی داواکاریەکانی بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات
(0) /
ڕوانگە - دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا، پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمی ڕایگەیاند: بەهیچ جۆرێک بەشداری لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندا ناکات، ئەگەر ئەو داواکاریانەی هەیەتی بۆی جێبەجێ نەکرێت، کاندیدێکی یەکێتی، بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت:" هیچ یەکێک لە داواکاریەکانی پارتی بەدی نەهاتوون و ئەو داواکاریانەی پارتی، تەنها بیانوبوون بۆ شاردنەوەی کێشە ناوخۆیەکانی.
ئاراس غەفور ساڵەح، کاندیدی یەکێتی، بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر، لە وتوو وێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ئەو داواکاریەکانی پارتی کە پێشوتر هەڵوێستی لەسەر وەرگرت هیچ یەک لەو داواکاریانەی جێبەجێ نەکراوە، هەندێک داواکاری کە دەکرێت پارتی خۆی بە خاوەنیان بزانێ، بەڵام ئەوە داواکاری پارتی نەبووە، بەڵکو ئەوە داواکاری زۆربەی لایەنەکانی دیکەش بوون، کە هەندێک هەڵە هەبووە کۆمیسۆن ڕاستیکردۆتەوە، تەنها لە بابەتی هەڵبژاردن نەبێت کە پارتی هەوڵی دەدا کە هەڵبژاردن دوابخرێت ئەوەشی بۆ ئەوەبوو کە کاتی یاسایی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرەتای مانگی حەوت کۆتایی دەهات بۆیە ئەو داوای دواخستنی هەڵبژاردنی دەکرد بۆئەوەی ئەم کۆمیسۆنە سەرپەرشتی ئەم خولەی هەڵبژاردن نەکات و کۆمیسۆنێکی دیکە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات، کە ئەو کۆمیسۆنە هەمان ئەو کۆمیسۆنەیە کە سەرپەرشتی هەڵژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی کرد، ئەوکاتە قبوڵی بوو، بەڵام ئێستا لەبەر هەندێک کێشەی ناوخۆی حیزبەکەیان بەوشێوەیە دەریانبڕی کە ئەوان تێبینییان هەیە لەسەر کۆمیسۆن، ئەگەر نا ئەوا لە ڕاستیدا هیچ تێبینییەکی ئەوتۆیان نییە و بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان کرد بۆئەوەی خەڵک نەڵێن کە پارتی لە ناوخۆدا کێشەی هەیە و مەجالی دەست تێوەردان و گۆڕینی دەرئەنجامەکان و ساختەکاریان نەبو بۆیە نەیان ویست بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
وتیشی:" پارتی تەنها ترسی لەوە هەبوو کە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەرکەوێت بۆیە هەوڵی دواخستنی هەڵژاردنی دەدا و نەهاتە ناوهەڵبژاردن، کە دیارە ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە کورسی کۆتاکانی لێ لابراوە، هەروەها ژمارەیەک دەنگی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەبون کە ئەگەر کۆمیسۆن هەڵبژاردن بکات ئەوکات ئەو دەنگدەرانە بۆیان نییە دەنگ بدەن کە دیارە ئەو دەنگدانەش تەنها لەکیس پارتی دەچێت، کەواتە بەم شێوەیە پارتی دەهاتەوە سەر قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی کە ئەوکات دەردەکەوت ئەو 45 کورسییەی پارتی بەشێکی دەنگی زیادەیە و دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک نییە، ئەگەرنا ئەوا داواکاریەکانی جێبەجێ نەبووە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە گەڕاندنەوەی پێنچ کورسی کۆتاکان و چارەسەرکردنی گرفتی ئەو ژمارە دەنگدەرەی کە لە هەڵبژاردنی پێشودا گرفتی پەنجەمۆریان هەبو لە لایەن کۆمیسۆنەوە، ئەمانە بە دەستکەوت هەژماردەکرێت تاوەکو ببێتە هۆکارێک بۆئەوی پارتی بڕیاربدات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات؟
ئاراس غەفور ساڵەح، ڕونیکردەوە:" نەخێر ئەوانە بەدەستکەوت هەژمارناکرێن و ئەگەر ئەوانەش ڕویان نەدایە پارتی هەر بەشداری هەڵبژاردنی دەکرد، چونکە ناکرێت پارتی خۆی بە حیزبی یەکەم بزانێت و پێشوتر هێزی یەکەم بووە و ئێستا بێت گرفت بۆ هەڵبژاردن دروست بکات، ئێ خۆدەبێت کۆ مەڵێک بیانو بخاتە ڕوو بۆئەوەی بڵێت بەشداری هەڵبژاردن ناکەین، هەروەها بابەتی کورسی کۆتاکان نەگەڕاوەتە، بەڵکو کورسی کۆتاکان لە چوارچێوەی 100 کورسییە گشتییەکەدا بۆ کۆتاکان تەرخان کراوە ئەویش دابەشکراوە و هەموی یەک بازنەی نییە، کە ئەمە داواکاری یەکێتیش بوو، پێش ئەوەی ئەم بابەتە لە پەڕلەمانی کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ دادگایی فیدرالی، هەروەها یەکێتی داوای دەکرد هەڵزژاردن بکرێتە فرەبازنەی وە کورسی کۆتاکان کەمبکرێتەوە و دابەشبکرێت وە ئەو یاسایەی کە کۆمیسۆ کوردستان کاری پێدەکات، پارتی ئەوەشی ڕەتدەکردەوە، پاش ئەوەی سکاڵاکان لەڕێگەی فراکسیۆنی یەکێتی برایە بەغداد، دادگایی فیدراڵی و ئەنجومەنی کۆمیسیاران یەکسەر بڕیاریاندا کورسی کۆتاکان نەمێن، بەڵام یەکێتی داوای دەکرد ئەو کورسیانە کەم بکرێتەوە و دابەشکرێت و لێرە لە ناوخۆ لەسەری بگەنە ڕێکەوتن، پارتی ڕازی نەبوو، بەڵام کە لە بەغداوە بڕیاری لێدرا پارتی ئێستا پێی ڕازییە.
لەبارەی ئەو داواکارییەی پارتی، کە پێشوتر دەیوت ناچینە هەڵبژاردنێکەوە، کە پێشوەختە بڕیاری لەسەردرابێت، واتا دەستکاری دەرئەنجامەکانی بکرێت، ئاراس غەفور ساڵەح،کاندیدی یەکێتی، بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر، ئاشکرایکرد:" هیچ شتێکی وا لە گۆڕێدانییە و هیچ لە بارودۆخەکە نەگۆڕاوە، ئەگەر پارتی پێیوابێت دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە دەرەوەی هەرێم و دەروەی عێراق، دیزاین دەکرێت ئەوە هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو تەنها چەواشەکردنی ڕایگشتی و ڕای جەماوەرەکەی خۆیەتی، ئەوانە تەنها بیانویەک
بوون بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکات، چونکە دەیزانی بەوشێوەیە قەبارەی ڕاستەقینەی دیاریدەکرێت و کورسییەکانی کەم دەکات، ئەوەش وا لە خەڵک دەکات کە بپرسێت بۆچی دەنگەکانی پارتی کەمی کردووە، دواجار ئەوە دەسەلمێت کە قەبارەی ڕاستەقینەی پارتی ئەوەنییە کە پێشوتر 45 کورسی و 11 ی کۆتاکانی هەیە، بەڵکو ئەوەی کە لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستی دێنێ ئەوە قەبارەی ڕاستەقینەی پارتییە، بۆیە بە کورتی دەڵێم: پارتی لە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دەترسێ بۆیە ناچاربوو ئەو جۆرە بیانوانە دروستبکات، ئەگەرنا ئێستاش هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕوە.
تێبينيێك بنێرە: