حكومەتی هەرێم فرۆشتنی غازی كۆرمۆر بە عێراق رەتدەكاتەوە

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان کۆمۆر پێشەوا هەورامانی


Jun 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی فرۆشتنی گازی كۆرمۆر بە بەغدا ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت ئێستا هەرێمی كوردستان "پێویستی زۆری بە غاز هەیە" و بە گوێرەی گرێبەستەكان هەتا ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆیی پێویستی بە غازی كۆرمۆر هەبێت، نابێت بفرۆشرێت و بدرێت بە هیچ لایەنێك.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "بەپێی گرێبەستی نێوان ئێمە و كۆمپانیای دانەگاز تاوەكو حكومەتی هەرێم پێویستی بە غازی كۆرمۆر هەبێت، هیچ لایەنێكی تر ئەولەویەت نییە غازی پێبدرێت و پێیبفرۆشرێت. ئێستا هەرێمی كوردستان خۆی پێویستی زۆری بە غازە و نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بیفرۆشینە خەڵكی تر."

كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەگەورەترین كێڵگەی غازی سەر ئاستی عێراق دادەنرێت و دەكەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی كەركوك. ڕووبەری كێڵگەكە 1350 كیلۆمەتر دووجایە و خاوەنی 8.2 تریلیۆن سێجا یەدەگی غازی سروشتییە.

لە ئێستادا ڕۆژانە 550 ملیۆن پێ سێجا غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و 67% ی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، هەروەها لەم كێڵگەیەوە 1200 مێگاوات كارەبا دەدرێتە پارێزگاكانی موسڵ و كەركوك.

پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "هەركاتێك توانیمان غازی كارەبا و كارگە و پێداویستی ناوخۆ دابین بكەین، ئەوكات ئاساییە بە ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم بیر لە فرۆشتنی غاز بكرێتەوە."

كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی پلانی هەبوو تا چەند ساڵێكی تر، بڕی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر بگەیەنێتە 1500 ملیۆن پێ سێجا، ئەم بڕە غازە بەشی هەرێمی كوردستان دەكات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بكرێت، بەڵام بۆردومانكردنی كێڵگەكە لەلایەن گروپە میلیشیاكانەوە وایكرد نەتوانن پلانەكە جێبەجێ بكەن.

جەختكردنەوەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوەی هێشتا غازی كۆرمۆر پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕناكاتەوە لەكاتێكدایە، دەوترێت گفتووگۆ لەنێوان حكومەتی عێراق و كۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی دروستبووە بۆ فرۆشتنی بەشێك لە غازی كێڵگەی كۆرمۆر بە عێراق، گوایە كۆمپانیاكە بە نرخی 40% كەمتر لە غازی ئێران بە عێراق دەیفرۆشێت.