عه‌لى باپیر: زلهێزه‌ خۆسه‌پێنه‌كان زیاتر هێزو گوشار ده‌یانجوڵێنێت نه‌ك ئه‌خلاق‌و ویژدان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە عەلی باپیر کوردستان


Jun 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - له‌په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى قوربانه‌وه‌، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی داوا له‌سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات هه‌رچى زوه‌ واده‌ى به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان دیاریبكات، ده‌شڵێت:"به‌داخه‌وه‌ زلهێزه‌ خۆسه‌پێنه‌كان زیاتر هێزو گوشار ده‌یانجوڵێنێت نه‌ك ئه‌خلاق‌و ویژدان".

عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی لەپەیامه‌كه‌یدا داوایکردوە، پەلەبکرێت لەدیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن‌و دەشڵێت، "هیوادارم هه‌رچی زوتره‌ كاتی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دیاریبكرێت‌و چیتر په‌رچ‌و كۆسپ‌و گرێ‌و گۆتاڵی نه‌خرێته‌به‌ر، تاوەكو چیدیكه‌ هه‌رێمه‌كه‌مان له‌بۆشایی دامه‌زراوه‌كاندا به‌سه‌ر نه‌بات".

له‌باره‌ى موچەی فەرمانبەرانیشه‌وه‌ عەلی باپیر وتویه‌تى:"پێویسته‌ هه‌ركام له‌حكومه‌تی ناوه‌ندیی‌و هه‌رێمیش، چیتر به‌هۆی گوریس پچڕكێنه‌ی نێوانیانه‌وه‌ زیان به‌موچه‌خۆرانی هه‌رێم نه‌گه‌یه‌نن، هه‌ركه‌س له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ده‌ستوبرد بكات له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی سه‌رشانی‌و هیچ كه‌سولایه‌ك به‌هۆی ته‌ماعتێكردنی موچه‌ی كارمه‌ندانه‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ په‌كنه‌خات‌و خه‌ڵكه‌كه‌ش زیاتر باج نه‌ده‌ن".
 باسى له‌ڕه‌وشى فه‌ڵه‌ستینیه‌كان كردوه‌ به‌تایبه‌ت غه‌ززه‌و ده‌ڵێت:"موسڵمانانی فه‌ڵه‌ستین‌و غه‌ززه‌ ڕۆژ بۆ ڕۆژێ بارودۆخی ژیان‌و گوزه‌رانیان سه‌ختتر ده‌بێت، بۆیه‌ با هه‌ركه‌س چی پێده‌كرێت له‌ناردنی هاوكاری بۆیان، درێغی نه‌كات، ئه‌مڕۆ دنیایه،‌ سبه‌ینێ قیامه‌ته‌".

داواشده‌كات، بڕیاره‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ ئاگربەست لەغەززە جێبه‌جێبكرێت، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "بێگومان خۆپێشاندان‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌كانی خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ر به‌گشتی‌و گوشاركردنیان له‌حوكمڕانانی ئه‌مریكاو ئه‌وروپا، كارێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ره‌، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ زلهێزه‌ خۆسه‌پێنه‌كان زیاتر هێزو گوشار ده‌یانجوڵێنێت نه‌ك ئه‌خلاق‌و ویژدان".