ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی گشتگیر لە نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور واژوو کرا

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە کۆریای باکوور ڕووسیا


Jun 19, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە ـ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشە گشتگیرەی لەگەڵ کۆریای باکوور واژوویان کردووە، پێشنیاری ئەوە دەکات هەرکاتێک هێرش کرایە سەر یەکێک لە لایەنەکان هاوکاری بکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆشکی کرملین، لە میانی سەردانەکەی پوتیندا بۆ کۆریای باکوور، ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیجی گشتگیری لە نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور واژوو کراوە.

هەروەها لە نێوان حکوومەتەکانی ڕووسیا و کۆریای باکووردا چەند ڕێککەوتنێک لە بوارەکانی تەندروستیی، خوێندنی پزیشکی و زانستي دا واژوو کراوە، لەگەڵ بنیاتنانی پردێک بۆ ڕێگای ئۆتۆمبێل لەسەر ڕووباری تومانایا.

دوای کۆبوونەوەیان، پوتین و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون لە پیۆنگیانگى پایتەخت کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ساز کرد.

سەرۆکی ڕووسیا پوتین، باسی لەوە کرد وڵاتەکەی گرنگیی دەدات بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکوور و، ڕایگەیاند: "وڵاتەکانمان لەگەڵ پەرەپێدانی زیاتری هاریکارییەکانە. هاریکاریمان لەسەر ئاستی دامودەزگا ئابوورییەکان، پەرلەمانەکان، هێزە ئەمنییەکان، دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوە و رێکخراوە گشتییەکان نێو هاوڵاتییان بەردەوامە".

پوتین باسی لەوەیش کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆریای باکوور لە بواری ئابووریی و بازرگانییدا پەرەی سەندووە و، ڕایگەیاند: "قەبارەی بازرگانیی دووقۆڵی ساڵی ڕابردوو نۆ هێندە زیادی کردووە، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا سەدا ٥٤ زیادی کردووە".

گوتیشی: "ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشە گشتگیرەی لەگەڵ کۆریای باکوور واژوو کراوە، پێشنیاری ئەوە دەکات هەرکاتێک هێرش کرایە سەر یەکێک لە لایەنەکان هاوکاری بکرێت".

سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون، باسی لەوە کرد کە بەو ڕێککەوتنە هاوبەشە گشتگیرەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کراوە، پەیوەندییەکان بەرزبووەتەوە بۆ ئاستی "هاوپەیمان".

کیم ڕێککەوتنەکەی بە "پەیماننامە" ناوزەند کرد و گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی باڵای هاوپەیمانی نوێ. مایەی خۆشحاڵییە پەیمانێک ئەنجام بدەین لەگەڵ گۆڕانی دۆخی نێودەوڵەتیی و سروشتی ستراتیجی نوێی پەیوەندییەکانی کۆریای باکوور و ڕووسیادا بگونجێت".