پارتی: نامانەوێت دەستوور بە زۆرینە تێپەڕێندرێت

(0) / / كوردستان / پارتی دیمۆکراتی کوردستان


May 24, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆچوونی حیزبەکەیی لە سەر نووسینەوەی دەستووری هەرێم ئاشکرا کردووە.

جەعفەر ئیمنکی بە ئاماژە بە هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستوور لە هەرێمی کوردستان وتی کە ئەم پرسە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری عێراقەوە نییە.

ناوبراو پێی وایە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بە خۆی بێت، بە چارەسەرکردنی گرفتەکان هیچ مەترسییەک لە سەر قەوارەی هەرێم نابێت.

سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وتی کە دەستوور دەتوانێت هەلێکی باش بڕەخسێنێت تا سەقامگیری سیاسی زیاتر ببێت و بەمەش کوردستان لە ڕووی ئابوریشەوە بەهێزتر بێت، هەروەها پەیوەندییەکان لە گەڵ بەغدا بە پێی ئەم دەستوورە بە ئاراستەیەکی باشتردا ببرێت.

ئیمنکی وتی کە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە ئایا سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی، هەندێک لایەنی سیاسی پێیان وایە کە ئەوەی ئێستا سیستەمێکی پەرلەمانی نییە و نیمچە سەرۆکایەتییە، دەکرێت ئەم پرسە بکەینە تەوەری وتووێژی زیاتری نێوان لایەنەکان.

وتیشی کە بە لای پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە باشترە کە سەرۆکی هەرێم لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێت و سیستەمەکەش وەک ئەم پەرلەمانییە بمێنێتەوە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆتاییدا ئەوەشی ڕەتکردەوە کە حیزبەکەی بیەوێت پرسی دەستوور لە ڕێگای زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانەوە یەکلایی بکاتەوە./.