هەولێر وبەغداد، ئارەزویەکی گەورەیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کوردستان بارزانی


Jul 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ لە وتوێژیکیدا لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ بەغداد و گرنگی ئەوسەردانە بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسای دەستوری، ڕایگەیاند:"   گرنگی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغداد لەوەدایە کە هەولێر و بەغداد، گەیشتوون بەو بڕوایەی کە دەبێت کێشەکانی نێوانیان سفربکەنەوە، کە دیارە چارەسەرکردنی کێشەکانیش پێویستی بە دانیشتن و گفتوگۆ و سەردان هەیە بۆئەوەی بتوانرێت چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.

وتیشی:" لەئێستادا "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق،  ئارەزویەکی گەورەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و لە هەولێریش بەهەمان شێوە وەکو پێکهێنەری سەرەکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا باوەڕێکی تەواوی بۆ دروست بووە کە دەبێت چارەسەری کێشەکانی بکات لە بەغداد، کە دیارە چارەسەرکردنی کێشەکانی بە پیاوێکی وەک کاک مەسعود، جیاوازە لەوەی کە جیلی دووەمی سیاسیەکان ڕابەرایەتی ئەو دانیشتن و گفتوگۆیانە بکەن بۆ چارەسەرکڕدنی کێشەکانی نێوان هەردولا.

دکتۆر هەڵمەت غەریب، ڕونیشی کردەوە:"  ڕۆڵی کاک مەسعود لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە یەکێکە لە باوکە دامەزرێنەرەکانی  عێراقی دوای ساڵی 2003 و ئەو باشتر لە گرفتە سیاسی و قانونیەکانی  عێراق تێدەگات و ڕەگ و ڕیشەی کێشەکان دەزانێت، بۆیە لێک نزیکبونەوە و گەیشتن بە قەناعەتی ڕێکەوتنی دولایەنە بە سەرکردایەتی کاک مەسعود، مانایەکی دیکەی هەیە و خودی خۆی دەیەوێت ڕێکەوتنی یەکجارەکیبکات لەسەر کێشەکان،

دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسای دەستوری باسی لەوەشکرد:" چونی کاک مەسعود بۆ بەغداد وادەکات پەلەبکرێت و هەنگاوی جدی بنرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بینیمان کە لە بەغداد بە چیشێوازێک پێشوازی لێکرا

لەبارەی ئەو بۆچونەی کەپێی وایە چونی مەسعود بارزانی، دوا ڕێگاچارەبووە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا، بۆئەوەی ڕێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ کێشەکان و پێیان وایە هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گەیشتۆتە بنبەست.

دکتۆر هەڵمەت غەریب، ئاماژەی بەوەکرد:" ئەوە بۆچونێکی هەڵەیە کەپێی وایە هەرێمی کوردستان، گەیشتۆتە بنبەست، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستورییە لەچوارچێوەی  دەوڵەتی عێراقیدا، وەئەوە بۆچونە بۆچونێکی پۆپۆلستییەو بۆ شکاندنی هێزەکانی بەرانبەریانە و هیچ سیاسییەک جورئەت ناکات بتوانێت تەجاوزی ئەم حەقیقەتەبکات کە هەیە، هەروەها ئێمە گرفتمان لەگەڵ بەغدادا هەیە و چارەسەرکردنی گرفتیش پێویستی بە گفتوگۆ و دانیشتن هەیە و ناکرێت هەردولا لەدوری یەک ڕابوەستین، بەڵکو هەردولا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان پێویستیان بەسەردان و یەکتربینین هەیە،بۆیە سەنگ و قورسایەکانی کاک مەسعود،ئەتوانێت هەنگاوەکانی لێک تێگەیشتن خێراتربکات، هەروەها ئێمە لە لایەکی دیکەوە گرفتمان هەبو لەگەڵ ئەو عەقڵێتە میلیشیایەی کە لە بەغداد هەبو لە ڕابردودا، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و کرانەوەی زیاتر هەیە لەنێوان دەوڵاتانی ئیقلیمی و هەرێمی کوردستان و هەروەها لەگەڵ عێراقیشدا و وەجهێکی نوێ هاتۆتە کایە کە ئەمە بەشێک نییە لەو هێڵە ئۆپۆزیسۆنەی کە لەدوای ساڵی 2003  هاتونەتەوە عێراق، بۆیە هەموئەمانە کاریگەرییان هەیە و هەروەها چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەکانی داهاتوشدا گۆڕانکاری گەورە ڕوبدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە کێشەیئیسرائیل-فەلەستین، کێشەی گۆڕانی کەش و هەوا لەعێراقدا و هەروەها گرفتەکانی خزمەتگوزاری و چەندان کێشەی دیکە ڕوبەڕوی عێراق دەبێتەوە بۆیە پێویستی بەهەوڵی دەستەجەمعی هەیە و ناتوانی  هەرێمی کوردستان لە هەوڵی  دەوڵەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وەدەربنێی.

دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسای دەستوری، ئاشکرایکرد:" چونی کاک مەسعود، بۆ بەغداد، نە دوادەرچەیە و نەشکستە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو سەردانێکی زۆر گرنگ بوو بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان و وە هەتاوەکو کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدادا چارەسەرنەبێت بەدڵنیاییەوە کێشەناوخۆیەکانی هەرێمیش سفر نابنەوە، چونکە بەشێک لە کێشەکان ئێمە خۆمان هەناردەمان کردووە بۆ دەرەوە