وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد
(0) /
ڕوانگە - وەزیری پێشمەرگەو فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە ئەڵمانیا هاوکاریی زیاتر پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات بۆ پڕۆژەکانی بەرزکردنەوەی تواناو پاڵپشتیی وەزارەتەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕۆژی ٣-٧-٢٠٢٤ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کلاوس دیتەر شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی یاوەریان کۆبووەتەوە.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، رێکەوتننامەیەکیان بۆ پڕۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە واژۆکردوو، "بەمەش حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاری زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات".
وەزیری پێشمەرگە دەربارەی ڕێککەتنەکە دەڵێت "دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرنگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازی و بەرەوپێش بردنی گشت بەش و یەکە کارگێری و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایندەدا".
شۆڕش ئیسماعیل باسی لە پڕۆسەی چاکسازیی و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا کردووەو دەڵێت "جەخت دەکەینەوە، لە بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە ستراتیژییە دوورمەودایەی نێوانمان، سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین لە بەرامبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمیشەییان بۆ پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیواخوازین هەماهەنگی زیاتر دروست ببێت لە نێوانماندا".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، کلاوس دیتەر شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، "دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە لە بەرەوپێش چوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشـمەرگە"، هەروەها لەبارەی واژۆکردنی رێکەوتننامەکەوە وتی "حکومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە بکات و هاوکارتان دەبین لە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازی هێزی پێشمەرگە".
سوپای ئەڵمانیا بە مەشق و ڕاھێنان و پێدانی چەک و ڕاوێژ، پاڵپشتیی پێشمەرگەو ھێزەکانی عێراق بوون لە تێکشکاندنی داعش و بەردەوامن لە کارکردن بەتایبەت لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەو بەشێکن لە پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
مانگی ٨ی ساڵی ڕابردوو، ئانالێنا بێربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم جەختی لە بەردەوامیی هاوكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێم كردەوە و وتی "لە حەوت ساڵی ڕابردوو 50 ملیۆن یۆرۆمان بۆ مەشق و ڕاهێنانی هێزەكانی ئەڵمانیا بە پێشمەرگە تەرخان كردووە، لە ساڵی 2014یشەوە ئەڵمانیا نزیكەی 800 ملیۆن یۆرۆی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان كردووە".
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
هاوپەیمانان چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.
تێبينيێك بنێرە: