سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەکات

(0) / / عێراق / زایەڵە کۆچ کۆچبەران


Jul 09, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز خاتوو ئیڤان فایەق جابرو وەزیری کۆچ و کۆچبەران.
لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 9-7-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو، کە گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات بەشێوەیەکی سەلامەت و ئارام بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەویش لەڕێی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان، هەروەها لابردنی ئەو شوێنەوار و عەقڵیەتەی چەتە تیرۆریستییەکان لە دوای خۆیان بەجێیانهێشتوە.
سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامبونی کەمپی ئاوارەکان بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە، بە تایبەت لەگەڵ نەمانی هۆکار و پاساوەکانی مانەوەیان. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ سەرخستنی تێڕوانینەکانی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە و داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان بە تەواوی و پێویستی پابەندبونی رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی ئەرێنی بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسێیە.
لای خۆیەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەران پوختەیەکی لەبارەی پێشهاتەکانی ئەمدواییەی تایبەت بە پرسی ئاوارەکان و پلانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە خستەڕو، کە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
هەروەها گرنگیدانی بەڕێز سەرۆك کۆماری بەم دۆسیەیە و پێشنیارە بەنرخەکانی بەرزنرخاند.