پەلامارەکانی ئەمجارەی سوپای تورکیا زۆر مەترسیدارە
(0) /
ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، کەمال ڕەئوف، نوسەرو ڕۆژنامەنووس، لە بارەی لەشکرکێشی سوپای تورکیا، بۆسەر هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:" لەشکرکێشی تورکیا ئەمجارە جیاوازی زۆرهەیە لەگەڵ هێرش و پەلامارەکانی پێشوو، چونکە پێشوتر دەمانتوانی بڵێین هێرش و پەلامارەکانی تەنها بۆ دەرخستنی بونی خۆی و دەست وەشاندن بوو لە گەریلا و هێزەکانی پەکەکە، بەڵام ئەمجارە زۆرجیاوازە لەوەی کە بڵێین ئۆپراسیۆنێکی کاتییە و دەگەڕێتەوە، بەڵکو ئەمجارە ڕوبەڕوبونەوە و بەرهەڵستی نەبێت ئەو ناوچانەی کە سوپای تورکیا دێتەناوی ناگەڕێتەوە، وەک ئەوەی کە لە عەفرین ، ئەسکەندەرونە کردویەتی بۆیە مەترسییەکی گەورەترهەیەو لەوانەیە جۆرێک لە گۆڕانکاری دیموگرافی دروستبکات و وە ئەگەر بشگەڕێتەوە لەوانەیە لە ئایندەدا داوای کۆمەڵێک دەستکەوتوو ئیمتیازات بکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە لەشکرکێشی و پەلامارەکانی تورکیا، کەمال ڕەئوف، وتی:" ئەگەر مەبەست لە حکومەتی هەرێم، پارتی و یەکێتی بێت ئەوا دیارە بۆچونی جیاوازیان هەیە، وە ناڵێین حکومەتی هەرێم دەتوانێت ڕێگە لەم هێرش و پەلامارانە بگرێت، بەڵام دەتوانێ هاوکاری نەبێت بەتایبەت لە ناوچەی بادینان کە دەکەوێتەژێر دەسەڵاتی پارتی، دواجار زیانێکی گەورە دەکات ئەگەر ئەم لەشکرکێشیە درێژەبکێشێت و لە ڕووی مێژووشەوە دەبێتە عەیبەیەکی گەورە کە هێزێکی کوردی ڕێنیشاندەری هێزێکی دەرەکی بکات بۆ داگیرکردنی خاکی وڵاتەکەی کە ئەمە پێگەی کورد، لە بەغداش لاوازدەکات.
دەربارەی بێدەنگی و لاوازی هەڵوێستی نوسەر و ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیرانی کورد لەم کاتەدا. کەمال ڕەئوف، نوسەر و ڕۆژنامەنوس، ڕونیکردەوە:" بێدەگیان بەشێکی پەیوەندی بەئەوەوە هەیە کە گەیشتوون بەوباوەڕەی کە ئەم هێزەسیاسیانەی کوردستان، گوێ لەڕخنە و بۆچونی خەڵک ناگرن، لە هەمانکاتیشدا هەڵوێست هەبووە، بەڵام پێدەچێ هەڵوێستەکان بەگوێرەی مەترسیەکان نەبێت و هەندێک ناتێگەیشتنیش هەیە لە دۆخەکە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەوشێوەیە نەمێنێتەوە و چەندین گردبونەوە و خۆپیشاندان دەستپێبکات کە ئێستا لە ناوچەی بادینان هەیە .
کەمال ڕەئوف نوسەر و ڕۆژنامەنوس،باسی لەوەشکرد:"لێرەدا مەترسییەکی دیکە هەیە کە باس ناکرێت ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی عێراق، ئەجێندایەکی هەیە و دەیەوێت نیشانی دونیای بدات کە هەرێمی کوردستان توانای خۆپاراستنی نییە وە لەوانەیە ئەجێندای هەریەکە لە ئێران و تورکیا و عێراق و بەشێک لە هێزە کوردیەکانیش جیاوازبێت، بەڵام هەمو ئەم ئەجێندایانە مەترسییەکەی لەوەدایە کە تێگەیشتنێکی قوڵیان بۆ ئەم لەشکرکێشیەی تورکیا نییە، چونکە ئەم پەلامارەی سوپای تورکیا لە دورمەودادا زیانێکی گەورە لە ناچەکەدەدات، ئەوە جگە لەوەی کە ئەمە پێشێلکارییەکە بەرامبەر بە یاسای نێودەوڵەتی و سنوربەزاندنە، هەروەها جۆرێک لە ڕێکەوتن هەیە کە ڕەنگە لە دواڕۆژدا تورکیا بەمەرجێک لەو ناوچانە بکشێتەوە کە ڕاستی حکومەتی عێراقی بکات
تێبينيێك بنێرە: