تره‌مپ جێگری خۆی دەستنیشانکرد

(0) / / ئەمەریکا / ڕوانگە ترەمپ ئەمریکا


Jul 16, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، سیناتۆری کۆمارییەکانی ویلایەتی ئۆهایۆ، جەمیس دەیڤید ڤانسی وەک کاندیدی جێگری خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژاردووە،  بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بێت لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

دۆناڵد ترەمپ له‌ كۆنفڕانسی نیشتمانی پارتی كۆماریه‌كاندا، بەشێوەیەکی فەرمی وەك كاندیدی كۆماریەكان بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەستنیشانكرا.

هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا ترەمپ جەیمس دەیڤید ڤانسی وه‌ك جێگری خۆی دەستیشانکرد، به‌مه‌ش ئەگەر لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دۆناڵد ترەمپ بتوانێت لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بە دەستبهێنێت، ئەوا (جەیمس دەیڤید ڤانس) دەبێتە جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

هەر لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) دەڵێت" دوای وردبوونەوە و ڕەچاوکردنی زۆر و بە لە بەرچاوگرتنی بەهرە گەورەکانی زۆر کەسی دیکە، بڕیارمداوە کە گونجاوترین کەس بۆ خزمەتکردن وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەیمس دەیڤید ڤانس لە ویلایەتی گەورەی ئۆهایۆوە دەستنیشان بکەم". 

دەشڵێت" جەیمس دەیڤید بەشێوەیەکی باش خزمەتێکی زۆری بە وڵاتەکەمان کردووە لە هێزی دەریایی، لە ماوەی دوو ساڵدا لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ دەرچووە بە پلەی یەکەم دەرچووی قوتابخانەی یاسای یێڵە کە سەرنوسەری گۆڤاری پێداچوونەوەی یاسای یێڵ بووە". 

جەیمس دەیڤید ڤانس سیناتۆرێکی خەڵکی ئۆهایۆیە و لە ساڵی ١٩٨٤ لە شاری میدلتاون لە دایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئامادەیی میدلتاون دەرچووە و لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان و فەلسەفە لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ بەدەستهێناوە. 

لە ساڵی ٢٠١٣ بڕوانامەی دکتۆرای یاسایی یێڵ وەرگرتووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٧ لە هێزی دەریایی ئەمریکا کاریکردووە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢ وەک کۆماریخواز بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا. 

لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦دا، سیناتۆر ڤانس ڕەخنەگرێکی سەرسەخت بوو لە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان کە لە پەیامێکی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ترەمپی بە "هیتلەری ئەمریکا" وەسف کرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ پشتیوانی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ ڕاگەیاند و دواتر سەرجەم ئەو پۆستانەشی لە پلاتفۆڕمی تایبەت بە خۆی سڕییەوە کە ڕەخنەی توندی لە ترەمپ دەگرت.